وەزیری کاری ئێران: شێوازی پێدانی مۆڵەت لە پارێزگای کرماشاندا وەبەرهێنەران دووردەخاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی ئێران رەخنەی لە شێوازی پێدانی مۆڵەت بە وەبەرهێنەران لە پارێزگای کرماشاندا گرت و گوتی، بە جۆرێکە وەبەرهێنەران دووردەخاتەوە.
سەید سەوڵەت مورتەزەوی، وەزیری کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی ئێران، کە رۆژی هەینی 03.11.2023 سەردانی پارێزگای کرماشانی کرد، گوتی، "هەر وەبەرهێنەرێک لە پارێزگای کرماشاندا دەبێت 5 ساڵ چاوەڕوان بێت تاوەکو مۆڵەتی وەبەرهێنانی پێ دەدرێت".
سەید سەوڵەت مورتەزەوی رەخنەی لەو پڕۆسەیە گرت کە وا دەکات پێدانی مۆڵەت هێندە زۆر بخایێنێت و گوتی، "ئەگەر پێدانی مۆڵەت بە وەبەرهێنەران ماوەیەکی زۆر بخایێنێت، وەبەرهێنەر لە سەرمایەگوزاری پاشگەز دەبێتەوە؛ بۆیە پێویستە کاتی پێدانی مۆڵەت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان کورت بکرێتەوە".
وەزیری کاری ئێران گوتیشی، "رێژەی بێکاری لە پارێزگای کرماشاندا بەرزە. وەزارەتی کار و کۆمپانیا نیمچە حکومییەکان وەبەرهێنان لەو پارێزگایەدا دەکەن و لەسەر ئەو بنچینەیەش ساڵی داهاتوو بێکاری دادەبەزێت."
بەرپرسانی پارێزگای کرماشان دەڵێن، لە چەند ساڵی رابردوودا کاری باش کراوە و ئەوەش وایکردووە، رێژەی بێکاری دابەزێت. عەبدولوەحید محەممەدی، جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری ئابووری، دوو هەفتە لەمەوبەر گوتی، لە 9 مانگی رابردوودا بێکاری بەردەوام رووی لە دابەزین بووە.
موختار ئەحمەدی، بەڕێوەبەری کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی پارێزگای کرماشانیش دوو هەفتە لەمەوبەر باسی لەوە کرد، ساڵی رابردوو رێژەی بێکاری لەو پارێزگایەدا 13.6٪ بوو، بەڵام هاوینی ئەمساڵ بۆ 10.3٪ دابەزی.
وەزیری کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی ئێران دەڵێت، "بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە، تێچووی بەرهەمهێنان لە پارێزگای کرماشان کەمترە و ئەگەر لە کاتی گونجاودا مۆڵەت بە وەبەرهێنەرەکان بدرێت، هاندانێکی باش بۆ سەرمایەگوزاری دەبێت".