تورکیا سنووری برادۆستی بە چڕی بۆردوومانکرد
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە رۆژی شەممە، 4-11-2023، بڵاویکردەوە، هێزی ئاسمانیی تورکیا کاژێر 19:30ـی ئێوارەی هەمان رۆژ بۆردوومانی ناوچەی خواکوڕکی لە هەرێمی کوردستان کردووە و 15 پێگە و ئەشکەوتی تایبەت بە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەی کردووەتە ئامانج.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، "بە مەبەستی لەنێوبردنی هێرشە تیرۆرستییەکانی سەر خەڵکەکەمان و هێزە ئەمنییەکانمان، هەروەها پاراستنی سنوورەکانمان، پەکەکە/ کەجەکە و رێکخراوە تیرۆرستییەکانی دیکە لە باکووری عێراق ناچالاک دەکەین. پشتئەستوور بە مافی بەرگریمان کە لە بڕگەی 51ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە، کاژێر 19:30ـی رۆژی 4-11-2023 لەڕێی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانییەوە لە ناوچەی خواکورکی باکووری عێراقدا 15 شوێن کرانە ئامانج کە حەشارگە و ئەشکەوت بوون و لەلایەن رێکخراوی تیرۆرستیی پەکەکە بەکاردەهێنران."
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، "لە نێو ئەو شوێنە بۆردوومان کراوانەدا گەریلای پەکەکە هەبووە و ژمارەیەکی زۆریان گیانیان لەدەستداوە." بەڵام باسی لە هیچ ئامارێک نەکردووە. هەروەها جەختی کردووەتەوە لەو ئۆپەراسیۆنەدا هەستیاریی تەواوی نیشانداوە و زیانی بە خەڵکی سڤیلی بێتاوان، چینی دۆستان، شوێنە ئایینی و کولتوورییەکان و ژینگە نەگەیاندووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، "بۆردوومانەکە گەرووی سنگان، خواکوڕک، بیرکمە، سنین و لۆلانی گرتووەتەوە، بەڵام ئەو شوێنانەی کە کراونەتە ئامانج، ئێستا ئاوەدانی نین."
تاوەکو ئێستا، میدیای سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، هیچ زانیارییەکی لەو بارەوە بڵاونەکردووەتەوە.