رووداو دیجیتاڵ
سبەی پارتی دیموکراتی کوردستان بارەگاکانی لە کەرکووک وەردەگرێتەوە و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک-گەرمیانیش پێشکێشی زانکۆی کەرکووک دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، سبەی یەکشەممە، 05-11-2023، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی بارەگاکانی وەردەگرێتەوە.
هەر بەپێ زانیارییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک-گەرمیانیش وەردەگرێتەوە و پێشکێشی زانکۆی کەرکووکی دەکات.
وەرگرتنەوەی بارەگاکان دوای ئەوە هات محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە گەڕانەوەی سەرجەم ئەو بارەگا و خانووانەی پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستانی تێدابوون و دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 ئەوانی تێدا نەماون.
دوای بڕیارەکەی محەممەد شیاع سوودانی، رۆژی یەکشەممە، 3-9-2023، دادگەی باڵای فیدڕاڵی رایگەیاند کۆبوونەوەکەیەکی راوێژکاریی لەبارەی بڕیارەکە دەستپێکرد و بە ماوەیەکی کاتی بڕیارەکەی راگرت.
رووداو زانیویەتی، دوای تەواوبوونی ئەو کاتەی دادگەی فیدراڵی عێراق بۆ بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەریکردبوو، فەرمانەکە چووەتە بواری جێبەجێکردن و سبەی پارتی لە بارەگاکەی لە کەرکووک دەست بە کار و چالاکییەکانی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ