گالەری

 
کاژێر 6ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-11-2021، بە بەشداریی هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی کوردستان، کۆنسێرتێک لە قەڵای هەولێر بە سەرپەرشتیی هەژار زەهاوی ئەنجامدرا.
 
کۆنسێرتەکە بانگەشەیەک بوو بۆ کردنەوەی ماڵی میوزیکی زەهاوی کە بڕیارە لە ساڵی 2022 بکرێتەوە و بەگوتەی هەژار زەهاوی هەر مانگێک لە هەولێر کۆنسێرتێک بەڕێوەدەچێت.
 
هەژار زەهاوی لە دەستپێکی کۆنسێرتەکەی سوپاسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد کە بۆ ماوەی دوو ساڵ پاڵپشتی دەکات. هەروەها سوپاسی تایبەتی ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد کە لەماوەی 9 ساڵی رابردوو پاڵپشتیی کردووە و وەک خۆی دەڵێت؛ پاڵپشتێکی گەورەی هونەر و میوزیک بووە نەک تەنیا بۆ ئەو بەڵکو بۆ هونەرمەندانی دیکەیش.
 
ماڵی میوزیکیی زەهاوی لەگەڵ سازکردنی کۆنسێرتەکان، وۆرکشۆپ و ماستەر کڵاس بۆ گەنجانی هەولێر و هۆگرانی میوزیک سازدەکات و بە هونەری پارچەکانی دیکەی کوردستان و جیهان ئاشنا دەکرێن.
 
لە رۆژئاوای کوردستان هونەرمەندان سەفقان ئۆرکێش، زنار مەحمود و نەسرین داود بەشداربوون، لە رۆژهەڵاتی کوردستان هونەرمەندان فەرید ئیلهامی، ساقی حەیدەری و ئایدا بەختیاری بەشدارن.
 
هونەرمەندانی باکوور کوردستان هەریەک لە ئەنوەر ئایدن، موسا ئەرتوس و ئیمرا ئایدن، لە باشووریش هونەرمەندان گۆران کامیل، رەوەن رەشاد، بێژەن جەزا، میر ئامانج و خارە ستار بەشداربوون.