بۆ پێداویستیی ناوماڵ 3 هەزار دۆلار دەدرێتە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی تایبەت بە لافاوەکەى هەولێر، بڕیاردرا وەک قەرەبوو بڕی 3 هەزار دۆلار بدرێتە ئەو خانووانەی لە لافاوەکەی هەولێر زیانیان پێگەیشتووە. پارێزگاری هەولێریش رایدەگەیێنێت، هەموو ئەوانەی ئۆتۆمبێل و خانووەکانیان لە لافاوەکە زیانیان پێگەیشتووە قەرەبوو دەکرێنەوە.
سەرلەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەمە 4-11-2021 ، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر ، ساسان عەونى، وەزیری شارەوانى و گەشتوگوزار و د.محەمەد شوکرى، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بەدەرەنجامی لیژەکانی تایبەت بە لافاوەکەی شارى هەولێر ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە موسا ئەحمەد، سەرۆکى دەزگاى خێرخوازى بارزانى ، هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار ، ئارى ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى ئاو و ئاوەڕۆکانى هەرێمى کوردستان ، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامى ناوەند ، بەڕێوەبەرانى گشتیى وەبەرهێنان و دابەشکردنى کارەبا ، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانیەکان ئامادەی بوون، دوای پێشکەشکردنی راپۆرتی لیژنەکانی خەمڵاندنى زیانەکان و لێکۆڵینەوە لە کەموکوڕی و هۆکارەکانى دروستبوونى لافاوەکە، کۆبوونەوە چەند رێوشوێن و میکانیزمێکی دیاریکرد بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئاشکراکرد کە بەمشێوەیە بوو:
1- تەواوی کولفەی زیانمەندبوون لە چوارچێوەی کاری لیژنەکانی بەرگریی شارستانی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا دەستنیشانکراون بە گوژمەی 5 ملیار و 500 ملیۆن دینار تاوەکو 6 ملیار دینار دەبێت.
2- لە دوایین ئاماردا 591 خانوو و خێزان زەرەرمەندبوونە کە تەنیا بۆ پێداویستییەکانی ناوماڵی ئەو خانووانەی کەتوونەتە ژێر ئاو، بۆ هەر یەکێک لەو خێزانانە بڕی 3 هەزار دۆلار ( 4 ملیۆن و 500 هەزار دینار) دیاریکراوە و لە نزیکترین کاتدا ئەو 591 خێزانە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و هەموویان وەکو یەک ئەو بڕە پارەیە وەردەگرن.
3- 149 ئۆتۆمبێل لە لافاوەکەدا زەرەرمەندبوون، ئەوانیش لە چوارچێوەی کاری لیژنەکان هەموویان تۆمارکراون و دابەشی سەر سێ گرووپ دەبن.
گرووپی A ؛ تەنیا ئەوانەن کە ئاو چووەتە نێو ئۆتۆمبێلەکانیان و زەرەرمەندی کەمن
گرووپی B؛ ئەو کەسانەن کە مامناوەندن و زیانیان لێکەوتووە
گرووپی g؛ ئەوانەن کە زیانی زۆریان پێکەوتووە
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لیژنە تایبەتمەندە تەکنیکییەکان زیانەکانی ئەو سێ گرووپە دەستنیشانبکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی هەر 149 ئۆتۆمبێلەکە.
4- 146 خانوو زەرەرمەندبوون لە رووخانی دیوارەکان و سیاج و دەرگا و پەنجەرە و کارەباییات و ئەو بابەتانە، لیژنە تایبەتمەندەکان ئەوانەشیان دیاریکردووە. ئەوەی لە لافاوەکە زەرەرمەند بووە خانووەکانیان بۆ چاکدەرێتەوە.
5- خانووەکانی شاری زێڕین کە 79 خانوون لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا خاوەنی شارەکە کە ئێستا دەستگیرکراوە بەرپرسیاریەتیی چاککردنەوەی خانووەکانی شاری زێڕین لە ئەستۆ بگرێت لەگەڵ چاککردنەوەی تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا، قوتابخانە و شەقامەکان کە ئەوانیش زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
6- تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا، قوتابخانە و شەقامەکان لە شوێنەکانی دیکە کە زیانیان پێگەیشتووە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە چاکدەکرێنەوە.
7- تەواوی رێڕەوەکانی ئاو لەو شوێنانە خاوێندەکرێنەوە و هەرچی زێدەڕۆییە لەو شوێنانەی بوونەتە هۆی ئەوەی رێڕەوە سرووشتییەکانی ئاو بگرن، هەموویان لە ئەمڕۆوە هەڵدەگیرێن و ئەوەش کە پابەند نەبێت، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دەکرێتەوە و دەدرێتە دادگا. نابێت بەهیچ شێوەیەک زێدەڕۆیی بمێنێت چونکە ئەوانە رێڕەوە سرووشتییەکەی ئاویان تێکداوە.
8- بڕیاردرا قوتابخانەیەک لە گوندی کۆڕێ دروستبکرێت کە قوتابخانەکە زیانی زۆری پێگەیشتبوو و بەدڵنیاییەوە لەم رۆژانەدا دەست بە دروستکردنی قوتابخانەکە دەکرێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا رایگەیاند "بەناوی پارێزگار و خەڵکی هەولێرەوە زۆر زۆر سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە لە سەرەتاوە لەگەڵمان بوو و چاودێریی دۆخەکەی دەکرد، دواجاریش خۆی سەردانی مەیدانیی بۆ شوێنەکان کرد و کەموکوڕییەکان و زیانلێکەوتووانی بینی و لەگەڵ خەڵکەکە قسەیکرد و گوێبیستی داواکارییەکانی ئەوان بوو. ئەگەر پشتیوانیی راستەوخۆی جەنابی سەرۆکوەزیران نەبوایە نەماندەتوانی ئەو پاڵپشتییە بۆ خەڵک نیشانبدەین و بتوانین ئەمڕۆ موژدەی قەرەبووکردنەوەیان پێبدەین و رێژەی قەرەبووکردنەوەکەیان بۆ دیاریی بکەین".
رۆژی یەکشەممە 31ی ئۆکتۆبەری 2021 مەسرور بارزانی، سهرۆکوەزیرانی ههرێمی کوردستان، سەردانی شاری زێڕین و گوندی کۆری لە دەوروبەری شاری هەولێر کرد و زیانلێکەوتووانی لافاوی دوێنێی لە هەردوو شوێنەکە و رێوشوێنی بە هاناوەچوونی زیانلێکەوتووان لە لایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرکردەوە.
سهرۆکوەزیرانی ههرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هاوکاریی و یارمەتییەکی پێویست پێشکەش بە لێقەوماوانی ئەو لافاوە دەکات و بە پێی توانا قەرەبوویان دەکاتەوە."
بۆیە ئەمڕۆ پێنجشەممە 04-11-2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمییان بڵاوکراوەتەوە رایگەیاند، حکومەت وەکو قۆناخی یەکەم رەزامەندی داوە بۆ تەرخانکردن و خەرجکردنی بڕی 500 ملیۆن دینار بەشێوازی نەختینەیی لەسەر بودجەی پارێزگای ھەولێر بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ھاووڵاتیانەی کە لە ئەنجامی لافاوەکەی رۆژی 30-10-2021، لە پارێزگای ھەولێر و قەزا و ناحییەکانی زەرەرمەند بوون.
رۆژی سێشەممە 02-11-2021 د. جووتیار عادل گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردراوە لەگەڵ 200 ملیارەکەی ئەم مانگە، سێ ملیار دیناریش بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەتووانی لافاوەکەی رۆژی شەممەی هەولێر بنێرن.
بەهۆی بارانبارینەوە رۆژی شەممە 30-10-2021 لافاو چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێژەی بارانبارین لە رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێردا نزیکەی 73.3 میلیمەتر باران لە سنووری پارێزگای هەولێر باریوە کە دەکاتە 40%ـی بارانبارینی ساڵی رابردوو.