رووداو- شنگاڵ
جەمیل خدر، بەرپرسی مەڵبەندی 15 ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر کەیسی شنگال ئێستا ناکۆکی لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا هەیە، بەڵام ئەوان وەک یەکێتی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ناکۆکییە سیاسییەکان نین. ئەوەشی خستەڕوو کە ناکۆکییە سیاسییەکان هۆکاری دواکەوتنی پرۆسەکەن.
بەرپرسی مەڵبەندی 15 یەکێتی لە شنگال سەبارەت بەبوونی هاوئاهەنگی لەنێوان هێزەکانی کورد دەڵێت " لەجیاتی بوونی هاوئاهەنگی، ئێستا ناکۆکی لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا هەیە، بەتایبەتی لەنێوان هێزەکانی (یەپەگە، یەپەژە و تەڤدا) و (هێزەکانی پێشمەرگە)، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی پرۆسەی رزگارکردنی شنگال".
بەرپرسەکەی یەکێتی ئەوەشی ئەشکراکرد کە یەکێتی لەگەڵ بوونی هیچ ناکۆکییەک نییە و نابێت داهاتووی شنگال بکرێتە قوربانی بەرژەوەندی بەرتەسکی حیزبەکان. سەبارەت بە بوونی هێزەکانی پەکەکەش لە شنگال گوتی " یەکێتی بەهیچ شێوەیەک پاڵپشتی مانەوەی ئەو هێزانە لە شنگال ناکات".
جەمیل خدر، بەرپرسی مەڵبەندی 15 ی یەکێتی لە شنگال گوتیشی" لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان پڕۆژەیەکمان هەیە بۆئەوەی دوای پرۆسەی رزگارکردن، شنگال بکرێتە پارێزگا و سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ