کۆمیسیۆن: سیستمە ئەلیکترۆنییەکە شکستى بە کڕینەوەى کارتى دەنگدان هێناوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، دەنگکڕین لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان "نایاساییە" و کەس ناتوانێت لەبرى کەسێکى دیکە دەنگ بدات.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: هیچ کەسێک ناتوانێت لەبرى کەسێکی دیکە دەنگ بدات یان کارتى بایۆمەترى دەنگدانەکەى بەکاربهێنێت.
یەکەمجارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە سیستمى ئەلیکترۆنى و بە کارتى بایۆمەترى بکرێت کە وێنە و سەرجەم زانیارییەکى لەسەر دەنگدەرەکە تێدایە.
عیماد جەمیل گوتى: "ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییە شکستى بە کڕینەوەى کارتى بایۆمەترى دەنگدان هێناوە، کڕینەوەى دەنگی کەسی دەنگدەریش نایاساییە".
18ى تشرینى یەکەم دەنگدانى تایبەت و دوو رۆژ دواتریش دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکرێت. لە هەرێمی کوردستان 2.9 ملیۆن دەنگدەر دەتوانن بەشداری بکەن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە کارتى بایۆمەترییان هەیە.