تورکیا و پەکەکە نوێترین ئاماری شەڕی نێوانیان بڵاودەکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەپەگە کوشتنی 3 سەرباز و سوپای تورکیاش گیانلەدەستدانی 4 گەریلای لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 4ی تشرینی یەکەمی 2024 ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هەپەگە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رۆژانی 30ی ئەیلوول تاوەکو 3ی تشرینی یەکەم، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) 15 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی تورکیا لە ناوچەکانی زاپ، خواکوڕک، مەتین و گارە لە هەرێمی کوردستان. 
 
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هەپەگە دەشڵێت، لە هێرشەکاندا 3 سەرباز کوژراون، 4 سەرباز بریندار بوون و 3 درۆن خراونەتە خوارەوە. 
 
2ـی تشرینی یەکەمی 2024یش وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس، گیانلەدەستدانی 4 گەریلای بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، "سوپای تورکیا لە پێناو ئاسایشی سنوورەکان و دەستەبەرکردنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە" لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەردەوام دەبێت. 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گوتی، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 4 گەریلا لە گارە و خواکوڕک لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە. 
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.