خاوەنی خانووە زێدەڕۆکان لە هەولێر داوای هەمواری یاسای تاپۆکردن دەکەن و بەشێک لە بەربژێران بەڵێنیان پێدەدەن

05-10-2024
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: رووداو
گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

گەڕەکی باداوە لە هەولێر، 24 ساڵە بەشێکی خانووەکانی بە زێدەڕۆ دروستکراون. دڵدار لەنێو خانووە زێدەڕۆکانی ئەو گەڕەکە چاوی بە دونیا هەڵهێناوە، خۆی و باوکی خانوویان بە زێدەڕۆ دروستکردووە و دوو ساڵە داواکارییان پێشکێش کردووە بۆ تاپۆکردنی خانووەکانیان، بەڵام بەهۆی تەواوبوونی وادەی یاسایی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان، مامەڵەکانیان وەستاون.
 
دڵدار رزگار، خاوەن خانووی زێدەڕۆ دەڵێت، "هەموو شتێکمان تەواو کردووە، نازانم بۆ خانووەکانمان بۆ تاپۆ ناکەن، ئێمە وەکو گەڕەکەکانی دیکە پارەی ئاو، کارەبا، شارەوانی و هەموو رسوماتەکان مانگانە دەدەین، هیچ جیاوازیمان نییە، بەڵام ناتوانین دەستکاریی خانووەکانمان بکەین."
 
پەرلەمانی کوردستان ساڵی 2019 یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی لە سنووری شارەوانییەكان کە زێدەڕۆییان لەسەر كراوە، پەسند کردووە، 2021 بۆ ماوەی سێ ساڵ یاساکەی هەموار کردووە، ئێستا ئەو ماوەیەی بۆ یاساکە دانرابوو کۆتایی هاتووە، بەشێک لە مادەکانی یاساکە کە تایبەت بوون بە دانانی نرخ و ماوەی بەرکاربوونی یاساکە، هۆکاری سەرەکیی تەواونەبوونی 17 هەزار مامەڵەکانی خاوەن خانووە زێدەڕۆکانی هەولێرن.
 
برزۆ زیاد، سەرۆکی لیژنەی وردبینیی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لە پارێزگای هەولێر دەڵێت، "پێویستە یاساکە جارێکی دیکە هەموار بکرێتەوە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ دۆخی ژیانی خەڵک بگونجێت، نرخەکان لە 5% و 10% و 25% کەم بکرێنەوە، هەمووی بکرێتە یەک نرخی جێگیر نەک جیاجیا، ماوەکەشی درێژ بکرێتەوە."
 
یاساکە بۆ جاری دووەم پێویستی بە هەموار کردنەوەیە، بەشێک لە بەربژێران هەموارکردنەوەی یاساکەیان بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمان خستووەتە کارنامەی کارەکانیان.
 
د. لوقمان عومەر، بەربژێری پارتی ئاماژەی بەوە کرد، "لەدوای دەرچوونمان بۆ پەرلەمان، پرۆژەیاسایەک پێشکێش دەکەین بۆئەوەی یاساکە جارێکی دیکە هەموار بکرێتەوە، پێویستە یاسا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بێت نەک زیادکردنی کێشە بۆ خەڵک."
 
لوقمان وەردی، بەربژێری یەکێتی باسی لەوە کرد، "بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمان لە پلانماندایە یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان جارێکی دیکە هەموار بکەینەوە، تاوەکو زۆرترین خەڵک لە یاساکە سوودمەند بێت."
 
لە یاساکەدا تەنیا ساڵێک بۆ پێشکێشکردنی داواکاری بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان و سێ ساڵیش بۆ بەرکاربوونی یاساکە دیاریکرابوو، لەو ماوەیەدا 122 هەزار کەس داواکارییان بۆ تاپۆکردنی خانووەکانیان پێشکێش کردووە، لەو ژمارەیە تەنیا نزیکەی 1000 خانوو تاپۆ کراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان.

چالاکڤانان و رێکخراوەکانی جینۆساید: نابێت رێگە بدرێت کورد لە رۆژئاوای کوردستان جینۆساید بکرێت

رێکخراوەکان و چالاکڤانانی داکۆکیکار لە کەیسەکانی جینۆساید لە باشووری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێن، یەکدەنگی خەڵکی چوار پارچەی کوردستان بۆ دۆخی رۆژئاوای کوردستان پێویستە. یەکێک لە بەشدارانی راگەیێندراوەکە دەڵێت، "ئامانجمان یەک دەنگی کوردە".