لە کارنامەی لایەنەکان دا چۆن باسی هەژاری کراوە؟
رووداو دیجیتاڵ
هەژاری لەنێو کۆمەڵگە و بنبڕکردنی یەکێکە لەو خاڵ و بڕگانەی کە بەشێک لە حیزبە بەشدارەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کردوویانە بە بەرنامەی کاری خۆیان و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە سەرنجی دەنگدەران بەلای خۆیاندا رابکێشن.
پرسی هەژاری لە کارنامەی بەشێک لە حیزب و هاوپەیمانێتییە بەشدارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیەیە:
پارتی
پارتی دیموکراتی کوردستان لە کارنامەی بانگەشەی هەڵبژاردنیدا، کە 14 تەوەر لە خۆدەگرێت، لە تەوەری دووەمدا کە تەوەری کارگێڕی و ئابووری و چاکسازی گشتییە لە خاڵی شەشەمدا باسی هەژاری کردووە.
پارتی ئاماژە بەوە دەکات: هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی هەژاری، لە رێگەی خزمەتی زیاتری کەمدەرامەتان و کرێچیان و بێسەرپەرشتان، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ دەزگا و رێکخراوی پەیوەندیدار هاوکار و هاوئاهەنگی دەکەین.
یەکێتی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کارنامەکەیدا کە بە هەمان شێوەی پارتی 14 تەوەر لە خۆدەگرێت، راستەوخۆ باسی کەمکردنەوەی هەژاری نەکردووە، بەڵام لە تەوەری دووەمدا کە تەوەری کارگێڕی و ئابوورییە لە خاڵی 11 دا دەڵێت: "جیاکردنەوە و دوورخستنەوەی مووچە و قوتی خەڵک لە ململانێی سیاسی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هەموو مووچەخۆران". هیچ یەکێک لەو خاڵانە پەنجەی لەسەر هەژاری بە دیاریکراوی دانەناوە.
ئیسلامییەکان
یەکگرتوو تەنیا لە چەند خاڵێکدا باسی مووچەی خەڵك دەکات، هیچ پلان و خاڵێکی نەنووسیوە بۆ کەمکردنەوەی هەژاری و پلان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەژاری، هەروەها کۆمەڵی دادگەری لە تەوەری پێنجەمدا لە خاڵی پێنجەم دەڵێت، "تەرخانکردنی پشتیوانی دارایی بۆ خێزانە هەژارەکان لە چوارچێوەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، بەتایبەت بۆ ئەو خێزانانەی لە خوار هێڵی هەژاریەوەن".
نەوەی نوێ
لە کارنامەی بانگەشەی نەوەی نوێشدا لە هیچ یەکێک لە خاڵەکان باسی هەژاری نەکراوە، بەڵام لە چەند خاڵێکی کارنامەی نەوەی نوێدا باس لە جووڵەپێکردنی بازاڕ و باشترکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان کراوە.
هاوپەیمانیی نیشتمانی
هاوپەیمانی نیشتمانی لە کارنامەی بانگەشەیدا بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە لە 21 بڕگە پێکدێت، لە بڕگەی پێنجەم کە بڕگەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە لە خاڵی یەکەمدا باسی کەمکردنەوەی هەژاری دەکات و دڵێت، "رووبەڕووبوونەوەی هەژاری و کارکردن بۆ دابینکردنی پێداویستییە بنچینەییەکانی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ گشت هاووڵاتییان".
هەروەها لە خاڵی سێیەمی بڕگەی پێنجەمی کارنامەی بانگەشەی هاوپەیمانیی نیشتیمانی، باسی یارمەتیدانی کەسانی هەژار و کەمدەرامەت کراوە و هاتووە: دەستەبەرکردنی ژیانی شایستەی مرۆڤانە بۆ ئەو کەسانەی لە هێڵی هەژاریدان، لە رێگەی کۆمەکیی دارایی و خزمەتگوزاری نیشتەجێبوونەوە".
بەرەی گەل
لە کارنامەی بەرەی گەلیش کە لە چواردە بڕگە پێکدێت لە بڕگەی نۆیەم کە بڕگەی بواری کۆمەڵایەتییە لە خاڵی چوارەم باسی هەژاری کراوە و دەڵێت، "هەوڵدان بۆ نەهێشتن و کەمکردنەوەی دیاردەی هەژاریی و بێکاریی کە راستەوخۆ هۆکارن لەوەی خێزانەکان نەتوانن سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانێکی شایستە دابین دەکەن و ئەنجام سەرگەردانی تاک و هەڵوەشاندنەوەی خێزانی لێدەکەوێتەوە".
رەوتی هەڵوێست
لە کارنامەی هەڵبژاردنی رەوتی هەڵوێست لە چەند خاڵێکدا باسی دیاردەی هەژاری کراوە و هەژاری وەکو هۆکارێک بۆ "زۆربوونی کێشەی دەروونی و بردنی کەسەکان بەرەو تاوان و تووندووتیژی" ناوبردووە و چارەسەری هەژاری وەکو بەشێک لە بەرنامەی رەوتەکە باسی لێکراوە.