بەربژێرێکی پارتی لە هەڵەبجە: دەسەڵات بگرینەدەست ئاوەدانیی هەولێر دەگوازینەوە ئێرە
رووداو - هەڵەبجە
مەحموود دانیشتووی گەڕەکی ئازادییە لە ناحیەی سیروان، گلەیی زۆری لە کەمیی خزمەتگوزاریی گەڕەکەکەی هەیە، ئەو داوا دەکات دەنگ بدرێت بە کەسێک گەڕەکەکەیان ئاوەدان بکاتەوە.
مەحموود حەمەئەمین، دانیشتووی ناحیەی سیروان دەڵێت، "لە ساڵی 1979وە تائێستا ئەمە حاڵی گەڕەکەکەمانە، هیوادارین ئەگەر پارتی دەسەڵات بگرێتە دەست نەجاتمان ببێت لەم نەهامەتییە، با خەڵکەکە ئەمجارە ئەمان تاقی بکەنەوە، ئێمە وەکو گەڕەکێکی هەژار نشینی ئەم شارە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین چەند ساڵە پەراوێز خراوین، ئەم خزمەتگوزاریانەمان بۆ بکەن کە مافی سەرەتایی خۆمانە."
پارتی لە هەڵەبجە 5 بەربژێری بۆ هەڵبژاردن داناوە، دەڵێن ئەگەر کورسییان بەدەستهێنا، ئاوەدانی دەگەیێننە هەموو شوێنێکی هەڵەبجە.
عەتا رەئوف، بەبژێری پارتی ئاماژە بەوە دەکات، "دیارە ئێمە وەکو لیستی 190ی پارتی، وەکو مەنهەجی پارتی، هەمیشە دەستی ئاوەدانکردنەوەمان گەیشتووەتە زۆر لە جێیەکان، دڵنیایی دەدەینە خەڵکی ئەم سنوورە، ئەگەر پارتی دەسەڵات بگرێتە دەست، دڵنیایان دەکەینەوە ئەو ئاوەدانیەی لە هەولێر و سۆران هەیە، دەیگوازینەوە بۆ هەڵەبجە، بەرنامەی ئێمە بەرنامەی ئاوەدانکردنەوەیە، دەستی ئاوەدانکردنەوەیە؛ داوا دەکەین دەنگدەران دەنگ بە پارتی بدەن، با پارتی بتوانێت دەستی خزمەتگوزاری بگەیێنێتە هەموو کوچە و کۆڵانێکی هەڵەبجە و سیروان."
هەرچی کۆمەڵی دادگەرییە، دایانناوە کاری لەپێشینەیان هەژاران و کەمدەرامەتان بێت. بەهار کەریم، بەربژێری کۆمەڵی دادگەری لە بازنەی هەڵەبجە دەڵێت، "پڕۆژەی یەکەم و کۆتاییشمان بریتی بووە لە خزمەتکردنی چینی هەژاران و کەمدەرامەتان، پشتیوان بە خودا ئەگەر دەرفەت هەبوو بچینە پەرلەمان، کاری لەپێشینەمان خزمەتکردنە بە هەژاران."
54 بەربژێر لە لیستە جیاوازەکان کێبڕکێی وەرگرتنی 3 کورسیی پەرلەمان لە بازنەی هەڵەبجە بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.