مەسعود حەیدەر: رۆژانی داهاتوو مووچەی تەواوکاری مانگی 9ی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، لە رۆژانی داهاتوودا مووچەی تەواوکاری مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
 
ئەمڕۆ هەینی 4ی تشرینی یەکەمی 2024 مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردەوە، "بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ژمارە 24668 لە 12-09-2024، وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوام دەبێت لە خەرجکردنی ئەو مووچانە کە خەرج نەکراون و خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەکو هەموو فەرمانبەرانی دیکەی عێراق. هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان چارەسەری هەر تێبینییەک دەکەن کە هەبێت، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024."
 
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، لە چەند رۆژی داهاتوودا مووچەی تەواوکاری مانگی ئەیلوولی ساڵی 2024ی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
 
 
ئەم راگەیێندراوە لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە 01-10-2024 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە رێگەی شاندێکیەوە لە بەغدا، روونکردنەوە و زانیاریی پێویستی لەسەر ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تاوەکو مانگی ئاب لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان "بە بیانووی جیاواز راگیرابوون"، بە داتا و زانیاریی دروست و نووسراوی فەرمی پێشکێشی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە.
 
رۆژی 03-10-2024 وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی بڵاوکردەوە کە لە ئەمڕۆوە دەستی پێکرد و  بەپێی خشتەکە لەماوەی پێنج رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.