ئاگری دارستانەکانی لوڕستان کوژێندرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاگری دارستانەکانی ناوچەکانی مەعموولان و خوڕەمئاوا لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژێندرایەوە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگاکەش دەڵێت، دوو هێلیکۆپتەر لە کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان بەشدار بوون.
 
بەهرووز دریکوەند، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، ئاگری دارستانەکانی ناوچەی دروغ زنابی سەر بە ناوچەی مەعموولان کە لە شەوی چوارشەممەوە کەوتبووەوە، شەوی پێنجشەممە 3ی تشرینی یەکەمی 2024 کۆنترۆڵ کرا.
 
بە گوتەی بەهرووز دریکوەند، تیمەکانی ئاگرکوژینەوەی سەر بە سەرچاوە سرووشتییەکانی لوڕستان، ژینگەپارێزان و خەڵکی خۆجێی ناوچەکە لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا بەشدار بوون. هەروەها بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە دوو هێلیکۆپتەریش بەکارهێندران.
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی لوڕستان رایگەیاند، هەروەها بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، لە ناوچەی ئەناردەر کە دەکەوێتە باشووری شاری خوڕەمئاوا، ئاگر لە دارستان و لەوڕگەکانی ناوچەکە کەوتەوە، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا لە لایەن تیمەکانی ئاگرکوژینەوەوە کۆنترۆڵکرا.
  
بە گوتەی بەهرووز دریکوەند، لە سەرەتای وەرزی گەرماوە تائێستا زیاتر لە 200 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی پارێزگای لوڕستان روویانداوە.