کۆمیسیۆن: 21ی مانگ ئەنجامی بەرایی رادەگەیێنین

 رووداو دیجیتاڵ
 
 ئەنجامى دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەنجامى بەرایی دەنگدانى گشتى پێکەوە بڵاو دەکرێتەوە. بەرپرسێکى کۆمیسیۆ دەڵێت: ئەگەری زۆرە بە بڕیارێک سندووقەکانى دەنگدانى تایبەتى پارێزگاکانى عێراق بگوێزرێنەوە بۆ هەرێمى کوردستان.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان بەتۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند: ئەنجامى دەنگدانى تایبەت راستەوخۆ لە  بنکە و وێستگەکانى تایبەت بەو دەنگدانە دەکرێت، بەڵام ئەنجامەکەى لەگەڵ ئەنجامی بەرایی دەنگدانى گشتى لە 21ى تشرینى یەکەم بڵاو دەکرێتەوە.
 
18ى  تشرینى یەکەم دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکرێت. کۆمیسیۆن 747 وێستگە بۆ دەنگدانی تایبەت لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، بەغدا، نەینەوا، کەرکووک، سەلاحەدین و واست دەکاتەوە.
 
ژمارەى دەنگدەرانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، 215 هەزار و 960 کەسن، 210 هەزار و 360یان لە بنکەى دەنگدانى تایبەتى چوار پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان دەنگ دەدەن، ئەوانى دیکە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەنگ دەدەن.
 
عیماد جەمیل گوتى: "تاوەکو ئێستا بڕیار لەبارەى ئەوە دەرنەکراوە چى لەو سندووقانەى دەنگدانى تایبەت دەکرێت کە لە دەرەوەى هەرێمى کوردستانن، بەڵام  ئەگەری زۆرە بگوێزرێنەوە بۆ هەرێمى کوردستان و بۆ ئەوەش بڕیارێک دەردەکرێت".
 
165 بنکە بۆ دەنگدانى تایبەتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دانراون، 12یان لە دەرەوەى هەرێمى کوردستانن.