رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان دەڵێت: بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان یەک بەربژێرمان هەبوو، خۆیشی نەیدەتوانی دەنگ بە خۆی بدات. دەشڵێت: "چەپەکانی هەرێمی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا چاویان لە چوار کورسییە".
هەینی، 4ی تشرینی یەکەمی 2024، خدر رووسی، سکرتێری بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەم هەڵبژاردنەدا هیچ بەربژێركمان نییە، بەڵام لەگەڵ هەریەک لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کورستان، حیزبی شیوعی و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستانمان پێکهێناوە".
خدر قادر خدر کە بە (خدر رووسی) ناسراوە، دەڵێت: "لە سەرەتادا یەک کاندیدمان هەبوو، بەڵام کشاندمانەوە، چونکە خۆیشی نەیدەتوانی دەنگ بەخۆی بدات، لەبەرئەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە بوون کە مادەی 140 دەیانگرێتەوە. بەخۆشم هەر خەڵکی ئەو ناوچانەم و ئەمجارە ناتوانم لە هەڵبژاردنەکان دەنگ بدەم".
بەڵام خدر رووسی ئەوەی نەشاردەوە کە ئەوان وەکو چەپەکانی کوردستان، ئومێدیان هەیە دەنگی "باش" لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەست بهێنن. "ئێمە وەکو چەپەکان، دوو کورسیمان مسۆگەرە و سێیەم و چوارەمیش لە هەولێر و سلێمانی لە ئارادایە و چاومان لە چوار کورسی پەرلەمانە".
رۆژی چوارشەممە، 02ی تشرینی یەکەمی 2024، پارتەکەی خدر رووسی، بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، لە کەرنەڤاڵێکدا، بە فەرمی وەکو هاوپەیمانێکی نێو لیستی هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان خۆیان ناساند و لە گوتارێکدا خدر رووسی پاڵپشتی بزووتنەوەکەیانی بۆ لیستی هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان، کە محەممەدی حاجی مەحموود سەرۆکایەتیی دەکات، لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێکهاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ