لە زەڕایەن کەسێک بە تۆمەتی دزینی 387 ملیۆن دینار دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لە ناحیەی زەڕایەن تۆمەتبارێکیان بە تۆمەتی دزینی 387 ملیۆن دینار دەستگیرکردووە. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، تۆمەتبارەکە فریانەکەوتووە و پارەکە خەرج بکات دەستگیرکراوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 04-10-2024، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تۆمەتبارەکە زانیاری لەسەر ماڵەکە هەبووە و لە قاسەی ماڵێکدا پارەکەی دزیوە".
 
سەرکەوت ئەحمەد گوتی: "تۆمەتبارەکە بە تەنیا کارەکەی کردووە، بەرلەوەی فریای خەرجکردنی بکەوێت دەستگیرکراوە و دەستگیراوە بەسەر زۆرینەی پارەکەدا و بڕێکی زۆر کەمی لێ خەرجکردووە".
 
لە راگەیێندراوێکدا پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لەسەر سکاڵای هاونیشتمانییەک تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە.
 
بەگوێرەی پۆلیس، تۆمەتبارەکە ناوی (م، ع، ف)ـە و لەدایکبووی 1979یە و "دانی بەتاوانەکەیدا ناوە".
 
تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر دەستبەسەرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.