رووداو دیجیتاڵ
زۆرترین دەنگدەرى تایبەتیی هەڵبژاردنى پەرلەمان [هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان] لە هەولێرە، کە زیاتر لە 89 هەزار دەنگدەرە، کەمترینیشیان لە پارێزگای واستە، کە 191 دەنگدەرە.
بەگوێرەى دوایین ئامارى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، لە بارەى ژمارەى دەنگدەران و ناوەندەکانى دەنگدان، ژمارەى دەنگدەرانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، 215 هەزار و 960 کەسن.
دەنگدەرى تایبەت، کارمەندانى هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەن، 18ى تشرینى یەکەم دەنگ دەدەن، بەر لە دوو رۆژ لە دەنگدانى گشتى بۆ خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان.
زۆرترین دەنگدەرى تایبەت لە سنوورى بازنەى هەولێرە، کە 89 هەزار و 791 کەسن و لە 62 بنکەى دەنگدان بەشدارى هەڵبژاردن دەکەن.
بازنەى سلێمانى دووەم زۆرترین دەنگدەرى تایبەتى تێدایە، کە 78 هەزار و 661 دەنگدەرن، لە 32 بنکە دەنگ دەدەن.
لە بازنەى دهۆک ژمارەى دەنگدەرانى تایبەت 40 هەزار و 956 کەسە، کە لە 30 بنکە دەنگ دەدەن، لە کاتێکدا ژمارەى دەنگدەرانى تایبەت لەهەڵەبجە 952 کەسە، کە لە یەک بنکە دەنگ دەدەن.
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، بۆ دەنگدانی تایبەت جگە لەو چوار بازنەى هەرێمى کوردستان، لە چەند پارێزگایەکى دیکە بنکەى دەنگدانى کردووەتەوە.
زۆرترین دەنگدەرى تایبەتى هەڵبژاردن لە دەرەوەى هەرێمى کوردستان لە هەردوو بەشى کەرخ و رەسافەى بەغدایە، کە بە هەردووکیان دوو هەزار و 847 دەنگدەرى تایبەتیان هەیە، نەینەوا لە ریزبەندیى دووەمدایە و هەزار و 38 دەنگدەرى تایبەتى هەیە.
ژمارى دەنگدەرانى تایبەت بە بنکەکانى دیکەى کۆمیسیۆن بەم شێوەیەن، کەرکووک، 488 دەنگدەر، دیالە 266 دەنگدەر، ئەنبار 196 دەنگدەر، واست 191 دەنگدەر، سەلاحەدین، 574 دەنگدەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ