بەهۆی بارانبارینەوە لە بەشێکی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لافاو دروستبوو


رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی بارینی بارانی بەخوڕەوە لە قەزای سەڵماس لە باکووری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، لافاو دروستبوو.
 
ئەحمەد حوسێن زادە، بەڕێوەبەری لیژنەی کۆنترۆڵی قەیرانی قەزای سەڵماس رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی سێشەممە بارانێکی بەخوڕ هەندێک ناوچەی سەر بەو قەزایەی گرتەوە کە بۆ ماوەی 45 خولەک بەردەوام بوو و ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی لافاو.
 
ئەحمەد حوسێن زادە گوتی، بە هۆی بارینی بارانەکەوە بە تایبەت لە گوندەکانی چووپانلوو، شەکریازی و مافی کەندی، لافاو دروستبوو.
 
بەڕێوەبەری لیژنەی کۆنترۆڵی قەیرانی قەزای سەڵماس گوتیشی، بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە رێگەی نێوان گوندەکانی مافی کەندی و شەکریازی و ناوەندی شاری سەڵماس گیرا. ئاماژەی بەوەشکرد، ئاو چووە نێو 18 ماڵ لە گوندی شەکریازی. 
 
بە گوتەی ئەحمەد حوسێن زادە، تیمەکانیان هەوڵ دەدەن هاوکاری پێویست بگەیێننە خەڵکی زیانلێکەوتوو.
 
مانگی رابردووش، بارینی تەرزە زیانی زۆری گەیاندە دوو هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی قەزای سەڵماس.
 
کازم غەنی زادە، قایمقامی سەڵماس 26-09-2023 رایگەیاند، کشتوکاڵی ژمارەیەک لە گوندەکانی سەر بە شاری سەڵماس بەهۆی بارینی تەرزەوە بایی نزیکەی 4 ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوت، چونکە بەرهەمی کشتوکاڵیان لە 20٪ تاوەکو 90٪ لەنێوچوو.
 
رێکخراوی کەشناسیی ئێران دوێنێ سێشەممە رایگەیاند، ئەگەری بارانی بەخوڕ لە پارێزگای ورمێ و وەک ئەنجامی ئەوەش بەرزبوونەوەی ئاوی چەم و رووبارەکان و دروستبوونی لافاو هەیە.