لە نۆ مانگدا 2285 پزیشکی تورکیا و باکووری کوردستان کۆچیان کردووە

رووداو دیجیتاڵ

لە تورکیا و باکووری کوردستان ژمارەی ئەو پزیشکانەی کۆچ دەکەن بۆ دەرەوەی وڵات لە زیادبووندایە. بەپێی ئاماری سەندیکای پزیشکی تورکیا، لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دوو هەزار و 285 پزیشک "بەڵگەنامەی دۆخی باش"ـیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە دەرەوەی وڵات لە تورکیا کاربکەن.
 
بەگوێرەی ئامارەکە تەنیا لە مانگی ئەیلوولدا 321 پزیشک و لە مانگی ئاب 315 پزیشک، بەڵگەنامەی دۆخی باشیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی بچنە دەرەوەی تورکیا و باکووری کوردستان کار بکەن.
 
بەگوێرەی ئاماری فەرمانگەی ئاماری یەکێتیی ئەوروپا (یۆرۆستات) بۆ ساڵی 2021، لە تورکیا بۆ هەر 100 هەزار هاووڵاتی 218 پزیشک و لە یۆنانیش بۆ هەر 100 هەزار هاووڵاتی 629 پزیشک هەن، ئەمەش کەمترینە لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا.
 
لە دوای ساڵی 2017 ژمارەی ئەو پزیشکانەی لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە دەچنە وڵاتانی دیکە، بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. لە 2017ـدا 482، لە 2018ـدا 802، لە 2019ـدا 1057، لە 2020ـدا 931، لە 2021ـدا 1405 و لە 2022ـدا 2685 روویان لە دەرەوەی تورکیا کردووە. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2012ـدا تەنیا 59 پزیشک "بڕوانامەی دۆخی باش"یان وەرگرتووە. زۆربەی ئەو پزیشکانەی "بەڵگەنامەی دۆخی باش" وەردەگرن، دەچنە وڵاتانی ئەوروپا.