ئاوی ژێرزەویی گەرمیان: ئاوی ژێرزەوییمان لە ئاستێکدایە مایەی مەترسی نییە

04-10-2022
جووتیار قارەمان
A+ A-
رووداو رادیۆ

بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی گەرمیان رایدەگەیێنێت، ئاوی ژێر زەویی گەرمیان لە ئاستێکدایە مایەی مەترسی نییە و لە 2007ـەوە تاوەکو ئێستا 6-7 مەتر دابەزیوە.
 
حامید جومعە، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی گەرمیان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەوەندەی ئێمە خەریکی پێوانەکردننی ئاوی ژێرزەویی گەرمیانین، لە ئاستێکدایە کە مایەی مەترسی نییە و ئەگەر لە چەند ساڵی داهاتوویشدا وشکەساڵی سەر هەڵنەدات ئەوا باشتر دەبێت."
 
بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی گەرمیان ئاماژەی بەوە دا، لەم دوو ساڵەدا ئەو بیرانە وشک بوون کە قووڵییەکەیان 30-40 مەتر بووە، ئەگینا ئەو بیرانەی زۆر لەوە قووڵتر بوون وشک نەبوون. لە ساڵی 2007ـیشەوە تاوەکو ئێستا لە سنووری گەرمیان ئاستی ئاو 6-7 مەتر دابەزیوە.
 
حامید جومعە گوتی: "بیر هەبوو ساڵی 2021 پێوانەمان کردووە ئاستی ئاوەکەی 26.6 مەتر بووە، بەڵام ساڵی 2022 پێواومانە 26.9 مەتر بووە. لە کفری بیر هەبوو کە ساڵی 2009 لێدراوە و ئاستی ئاوەکەی 22 مەتر بووە، چەند رۆژ لەمەو پێش کە پێوامان ئاستەکەی 31.9 مەتر بووە. لە کەلار ساڵی 2021 بیرێکمان پێوا ئاستی ئاوەکەی 9.5 مەتر بوو، بەڵام ئەمساڵ 9.75 مەتر بوو."
 
بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی گەرمیان ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان هەزار و 846 بیری یاساییان بە فایل لایە و، ئەو بیرانەیشی نایاسایین سەرژمێرییان نەکردوون، بەڵام بە مەزەندەی ئەوان نزیکەی 1500 بیرن.  
 
حامید جومعە گوتی: "بەپێی ئەو رێنماییانەی لە حکومەتەوە بۆمان هاتوون، هەر هاووڵاتییەک بیەوێت بیر لێبدات دەبێت زەوییەکی هەبێت کە رووبەرەکەی لە 20 دۆنم کەمتر نەبێت و دووریی بیرە یاساییەکان لەو بیرەی ئەوەوە کە دەیەوێت لێیبدات 450 مەتر ببێت."
 
بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی گەرمیان ئەوەی خستەڕوو، هەر جووتیارێک بیری نایاسایی هەبێت هیچ کارێکی بۆ ناکەن، کارەبای نادرێتێ و فەرمانگەی کشتوکاڵیش هاوکاریی ناکات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.