یەکێتیی مامۆستایان: هیچ پاساوێک نییە بۆ دەستپێنەکردنەوە بە پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان

04-10-2022
گۆڤەند مستەفا
A+ A-

رووداو - دیجیتاڵ

لە رۆژی جیهانیی مامۆستایان و رۆژی مامۆستایانی کوردستان، یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا داوای پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و چارەنووسی پارەی پاشەکەوتکراو دەکات و داوا دەکات مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێن و بە پێویستیشی دەزانێت "زەوی یان یەکەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان بڕەخسێنن".
 
بەبۆنەی رۆژی 5-10، رۆژی جیهانیی مامۆستایان و رۆژی 6ی10، رۆژی مامۆستایانی کوردستان، رۆژی سێشەممە 04-10-2022، مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و چەندین داواکاری تێدایە.
 
لەنێو داواکارییەکاندا، یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان داوای دەستپێکردنەوە بە پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان دەکات و پێیوایە "هیچ پاساوێک نییە بۆ گێڕانەوەی ئەو پێدراوە یاساییە".
 
لە خاڵێکی دیکەدا یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە پێویستی دەزانێت چارەنووسی پارەی پاشەکەوتکراو "لە ژمارە بانکییەک دیاری بکەن و فەرمان بدەن بۆ بەکارهێنانی بۆ دانەوەی قەرزەکان".
 
مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان داواش دەکات "جیاوازیی مووچەی مامۆستایانی هەولێر و دهۆک و مامۆستایانی خوێندنی کوردی / هەولێر بگێڕنەوە کە لەپێشدا مامۆستایانی سلێمانی و گەرمیان وەریان گرتووە".
 
لە خاڵێکی دیکەدا مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان داوا دەکات مامۆستایانی وانەبێژ یان بە فەرمی یان بە گرێبەست دابمەزرێنن و دەڵێت: "مامۆستایانی وانەبێژ چارەنووسیان ئەسپەردەی قەدەر مەکەن؛ ئەوان گەنجینەی ئەم وڵاتە و پرۆسەی پەروەردەن".
 
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە پێویستیشی دەزانێت "زەوی یان یەکەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان بڕەخسێنن".
 
لە بەشێکی دیکەی داواکارییەکەیدا، یەکێتیی مامۆستایان داوا لە پەرلەمانیش دەکات بەبێ دواکەوتن پڕۆژەیاسای پاراستنی مامۆستایان پەسند بکەن و پێیوایە "هیچ یاسایەکی دیکە وەکو ئەوە جێگەی خۆی ناگرێت و نابێتە هۆی ئەوەی مامۆستایان هەست بە ئارامیی تەواو بکەن لەنێو ناوەندەکانی خوێندن یان لە هەر شوێنێکی دیکە کە کێشەی پەروەردەییان بۆ دروست دەبێت".
 
مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەشڵێت: "جێگەی پرسیارە لە زۆر بۆنە و کاتی پێویستدا پرس و رای پێناکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو رێکخراوە خۆی بە هاوبەشێکی کردارەکیی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دەزانێت و هەمیشە و بەردەوام پڕۆژە و پێشنیازی گونجاویشی هەبووە. لە زۆربەی وڵاتان سەندیکا و رێکخراوەکانی مامۆستایان بە فەرمی بەشدارییان پێدەکرێت".
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت: "یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان زۆر بە پشوویێکی درێژەوە مامەڵە دەکات لەگەڵ ئەم دۆخە و ئەم خەمساردییەی بەرامبەر بە داخوازیی مامۆستایان و پرۆسەی پەروەردە دەکرێت و کردووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ناتوانێت درێژەی پێبدات".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە