جێگری کۆنسوڵی پۆڵەندا سەردانی گۆڕستانی سەربازانی وڵاتەکەی لە خانەقین دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری کۆنسوڵی پۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان سەردانی خانەقین دەکات و دەچێتە سەر گۆڕی سەربازانی وڵاتەکەی کە لە جەنگی جیهانیی دووەمەوە هاتوونەتە ناوچەکە و لەوێ گیانیان لەدەستداوە. بەڕێوەبەری مۆزەخانەی خانەقینیش دەڵێت: "پۆڵەندییەکان نیگەرانن لە تێكچوون و تێکدانی گۆڕی سەربازەکانیان لە گۆڕستانەکەی خانەقین."
 
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2022، ماجید شالیار، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی خانەقین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی دووشەممە ستانیسلاو گولینسکی، جێگری کۆنسوڵی پۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان سەردانی شاری خانەقینی کرد و جگە لە مۆزەخانە، سەردانی چەند شوێنەوارێک و شوێنی کولتووریی لە شارەکە کرد، هەروەها سەردانی گۆڕستانی پۆڵەندییەکانی لە خانەقین کرد و نیگەران بوو لەو شتانەی لەسەر گۆڕەکان نووسراون.
 
ماجید شالیار گوتی: "ستانیسلاو گولینسکی سەرسامی خۆی بە شاری خانەقین و ئەو مێژووە کۆنەی دەربڕی. لە مۆزەخانەکەمان ئەو پارچە بەردەی بینی کە لەلایەن سەربازەکانی ئەو کاتەی پۆڵەندا لە ناوچەکە نەخشێنراوە و سەرسامی خۆی بۆ نیشاندا."

 

 
بە گوتەی بەڕێوەبەری مۆزەخانەی خانەقین، جێگری کۆنسوڵی پۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان بەڵێنی دا بەپێی توانایان کار لەسەر پەرەپێدانی مێژوو و کولتووری شاری خانەقین بکەن.
 
گۆڕستانی پۆڵەندییەکان، نزیکەی 5 کیلۆمەتر لە باشووری قەزای خانەقینەوە هەڵکەوتووە، گۆڕستانەکە 438 گۆڕی تێدایە، بەشێکیان هی پۆڵەندی و هیندی و خەڵکی وڵاتانی دیکەن و لە سەرووبەندی جەنگی جیهانیی دووەم لە ساڵانی 1939-1945 لەگەڵ هێزەکانی بەریتانیا چوونەتە خانەقین و دواتر لە کاتی بڵاوبوونەوەی تاعون گیانیان لەدەستداوە و لەوێ بەخاک سپێردران. 
 
جگە لەو گۆڕستانەی خانەقین، گۆڕستانێکی دیکەش لە بەغدا هەیە کە تایبەتە بە سەربازانی پۆڵەندا.