لە بەغدا تۆڕێک کە بازرگانی بە 36 کیلۆگرام هۆشبەرەوە کردووە دەستگیر دەکرێت

رووداو - هەولێر

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، تۆڕێکی بازرگانی ماددەی هۆشبەریان لە بەغدا دەستگیر کرد کە بازرگانی بە 36 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەرەوە کردووە.
 
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 4-10-2022 ، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "تۆڕێکمان لە بەغدا دەستگیر کرد کە ئەندامانی بازرگانییان بە 36 کیلۆگرام هۆشبەری کریستاڵ و حەشیشەوە کردووە."
 
دەزگاکە ئاشکراشی کرد: "لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەندامانی تۆڕەکە دەستمان بەسەر بڕێک ماددەی هۆشبەر و ژمارەیەک چەکدا گرت."
 
لە گرتە ڤیدیۆی پرۆسەی دەستگیرکردنی ئەندامانی تۆڕەکە دەردەکەوێت تۆڕەکە لە پێنج کەس پێکهاتوون.
 
لە ڤیدیۆکەدا یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەڵێت: "بازرگانێک لە عیمارە [شاری عیمارە ناوەندی پارێزگای میسانە] هۆشبەری کریستاڵ و حەشیشەی بۆم دابین دەکرد".
 
دواتر چوار تۆمەتبارەکەی دیکە لە ڤیدیۆکەدا دان بەوەدا دەنێن کە ماددەی هۆشبەر دەکێشن و بازرگانیشی پێوە دەکەن.
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی هۆشبەر لە عێراق لە کۆتایی مانگی رابردوودا رایگەیاند: لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 11 هەزار تۆمەتبار بە بەکارهێنان و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەریان لە عێراق دەستگیر کرد.
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکراشی کرد، هەر لە ساڵی 2022دا دەستیان بەسەر نزیکەی 300 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و 14 ملیۆن حەبی کاپتاگۆندا گرت.