سێ هێکتار لە قامیشەڵانەکانی دەوروبەری دەریاچەی زرێبار سووتان

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرمانگەی پاراستنی ژینگەی مەریوان رایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، چوار جار ئاگر لە قامیشەڵانەکانی دەوروبەری دەریاچەی زرێبار بەردراوە و بەهۆیەوە سێ هێکتاری سووتاوە.
 
ئیبراهیم هیممەت بوڵەند، سەرۆکی فەرمانگەی پاراستنی ژینگەی مەریوان دەڵێت، ئاگرگرتنەکان هۆکاری مرۆییان هەیە و خێرایی بڵاوبوونەوەی ئاگر لە قامیشەڵانەکان زۆرە، لە خولەکێکدا 100 مەتری چوارگۆشە دەگرێتەوە، هەروەها کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەشی زۆر سەختە.
 
سەرۆکی فەرمانگەی پاراستنی ژینگەی مەریوان دەشڵێت، فەرمانگەکەیان هێزی مرۆیی و کەرەستەی پێویستی نییە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان.
 
سەبارەت بەو قسەیەی کە لەناو خەڵکدا بڵاوبووەتەوە و دەڵێن، سووتانی قامیشەڵانەکانی دەوروبەری دەریاچەی زرێبار هیچ زیانی نییە و ساڵی داهاتوو شین دەبنەوە، ئیبراهیم هیممەت بوڵەند دەڵێت "ئەو قسەیە راست نییە و سووتان دەبێتەهۆی زیادبوونی قامیشەڵانەکان و ئەوەش گەورەترین کێشەی تاڵاوەکانە. هەروەها بەهۆی سووتانی قامیشەڵانەکان ژمارەی ئەو بوونەوەرانەی تێیاندا دەژین، کەمتر دەبێتەوە".