پۆلیسی سلێمانی: ئەو کەسانەمان دەستگیرکرد کە سوکایەتییان بە موبارەک دەکرد


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیێنێت، پێنج تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە "سوکایەتییان بە کەسێکی دەروننەخۆش کردبوو" و ئازاریان دابوو. ئەو کەسەی ئازاریش دراوە، ناوی موبارەک شەریفە.
 
گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و تێیدا دەردەکەوێت، چەند کەسێک ئازاری موبارەک دەدەن، لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ئەو کەسانەی لە دەوری موبارەکن هەڕەشەی لێدەکەن، پێی دەڵێن، "بڵێ گومخوارد" موبارەکیش دەیڵێتەوە. 
 
هەر لە ڤیدیۆکەدا کۆمەڵێک وشەی دیکە بەزۆر بە موبارەک دەڵێن کە دەچێتە چوارچێوەی سووکایەتی پێکردنەوە، ئەوانیش: "دەمت دەشکێنم، بڵێ گوی مەهدیم خوارد، خوێڕی، بڵێ هیچ و پووچم". کاتێکیش یەکێک هەڕەشەی لێدەکات کە ئەو وشانە بڵێت، دەنگی کەسێکی دیکە دەبیسترێت کە بە موبارەک دەڵێت "نەیڵێیت".
 

ڤیدیۆی رووداوەکە کە لەلایەن پۆلیسی سلێمانی بڵاوکراوەتەوە:

 
پۆلیسی سلێمانی باسی ئەوەشدەکات، [عەمید ئاسۆ شێخ تەها] بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی راستەوخۆ بەدواداچوونی بۆ گرتەڤیدیۆییەکە کرد و مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەرا ئەو کەسانەیان دەستگیرکردووە. 
 
ناوی تۆمەتبارەکان بەمشێوەیە لەلایەن پۆلیسی سلێمانی بڵاوکراوەتەوە:
 
- ب. ئ. ع. له‌دایكبووی‌ 1993
 
- ر. ع. ت. له‌دایكبووی‌ 1996
 
- چ. ك. م. له‌دایكبووی‌ 1983
 
- م. م. غ. له‌دایكبووی‌ 1986
 
- م. ع. ح. له‌دایكبووی‌ 1976
 
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، تۆمەتبارەکان بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.