چیرۆکی ئەو گەنجەی توانای جوڵە و قسەکردنی نەماوە و بۆ نەشتەرگەری پێویستی بە 7 ملیۆن دینارە

رووداو دیجیتاڵ

بەرەڤان حەسەن گەنجێکی تەمەن 22 ساڵە، رووداوێکی هاتووچۆ کاریگەریی لەسەر دڕکەپەتک و بڕبڕەی پشتی کردووە و سێ مانگە لەسەر جێگەیە، پێویستی بە نەشتەرگەرییە و خێزانەکەی کەمدەرامەتن.
 
پزیشکی بەرەڤان دەڵێت "پێویستە نەشتەرگەری بۆ بڕبڕەی پشتی بکرێت و راستبکرێتەوە." 
 
بەرەڤان شەوی 16-06-2024 بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی کە بە "قیست"ـی کڕیبوو، لە دهۆک لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی تایبەت تووشی رووداوی هاتووچۆ دەبێت، 42 رۆژ لە نەخۆشخانە دەخەوێنرێت.
 
دایکی بەرەڤان دەڵێت، بەهۆی رووداوەکەوە کوڕەکەی یادگەی لەدەستداوە. بێریڤان ئیبراهیم، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی "کوڕەکەم لە چاودێریی چڕ دۆخی زۆر خراپ بوو، تووشی دەروونی بوو. شۆک بوو، بردمانەوە ماڵ. ئێستا بەهۆی ئامێری راکێشانی هەوکردن، پێدانی خواردن بە سۆندە و پێدانی شەش جۆر حەبی رۆژانە، دەژی."
 

 
ئەو گەنجە توانای قسەکردن، خواردن، جووڵەی دەست و قاچی لەدەستداوە. بە سۆندە خواردنی پێدەدرێ، ناتوانێ پێویستییەکانی رۆژانەی جێبەجێ بکات و دایبی بۆ دادەنرێت. دایکی بەرەڤان گوتی کەڕەکەی "هەمیشە تووڕە و بێتاقەتە."
 
بەرەڤان برایەک و سێ خوشکی هەیە، هیچ یەکێک لەوان کارناکەن. باوکی بەرەڤان 13 ساڵە مامۆستایە و تەنیا سەرچاوەی داهاتیان مووچەی باوکیانە. لە خانووی کرێ لە شێخان دەژین.
 
حەسەن رەشید، باوکی بەرەڤان لە بەرپرسیار گوتی "دوایین نەشتەرگەری، لە 28ـی مانگی رابردوو بوو. ئەوەی هەمبوو فرۆشتم بۆ دەرمان و نەشتەرگەری. رۆژانە 80 تاوەکو 120 هەزار خەرجییەتی. بەفرگر و ساردکەرەوەی ماڵ و تاخم ژووری نووستنم بۆ دەرمان فرۆشت. بۆ چارەسەریی کوڕەکەم قەرزێکی زۆرم کردووە."
 

 
رووداوەکە کاریگەریی لەسەر دڕکەپەتکی بەرەڤان کردووە. دکتۆر ئەلەند محەممەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی مێشک و بڕبڕەی پشت، لە بەرپرسیار، گوتی "ئێستا بەرەڤان پێویستی بە نەشتەرگەریی بڕبڕەی پشت هەیە بۆ دانانی بورغی و راستکردنەوەی پشتی."
 

 
ئەو پسۆڕەی نەشتەرگەریی مێشک و بڕبڕەی پشت، پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەلەند تووشی "نەخۆشیی" دەروونیش بووە. دکتۆر ئەلەند محەممەد، گوتی: "دەروونی زۆرخراپە، هەروا بمێنیتەوە خەمێکی زۆر لە سینەی کۆدەبێتەوە. گورزێکی گەورە بەر دڕکەپەتکی کەوتووە. دەبێ راستبێتەوە و نەشتەرگەرییەکەش سەرکەوتووە، بەڵام ناتوانین بڵێن دەگەڕێیتەوە سەر دۆخی ئاسایی. تاوەکو ئێستا زانست بە چارەسەریی دڕکەپەتک نەگەیشتووە. لە نەشتەرگەرییەکە دەزانین دڕکەپەتکی تاوەکو چەند زیانی بەرکەوتووە."
 
بەرەڤان ژیانی هاوژینی پێکنەهێناوە، تاوەکو پۆلی 10ـی خوێندووە. بێریڤان ئیبراهیم، گوتی " خەرجیی نەشتەرگەرییەکە 7 ملیۆن دینارە و تەنیا لە نەخۆشخانەی تایبەت دەکرێت، ئەوەش لە توانای ئێمەدا نییە و پێویستمان بە هاوکارییە."