بە تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوی داعش بەرپرسێکی هەواڵگریی سوپای عێراق کوژرا

04-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوی داعش بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سوپای عێراق بەرپرسی هەواڵگریی فیرقەی هەشتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک کوژراو و ئەفسەرێک و سەربازێکیش بریندار بوون.
 
موقەدەم عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 04-09-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 06:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی توێڵعەی نزیک چیای غەڕرە لە قەزای دووبز، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سوپای عێراقدا تەقییەوە، لە ئەنجامدا ئەفسەرێک بە پلەی موقەدەم شەهید بوو و ئەفسەرێکی دیکە بە پلەی موقەدەم و سەربازێکیش برینداربوون."
 
ئەو ئەفسەرەی گیانی لەدەستداوە، ناوی لەیس حەیالی-یە، بەڕێوەبەری هەواڵگریی فیرقەی هەشتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بووە.
 
بریندارەکانی رووداوەکە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی کەرکووک. ئەو ئۆتۆمبێلەشی تێیدا بوو بەتەواوەتی تێکشکاوە.
 
لە دەوروبەری قەزای دووبزی سنووری پارێزگای کەرکووک، جاروبار چەکدارانی داعش هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی سوپای عێراق و چەند جارێک گورزیان وەشاندووە. چەند جارێکیش سوپای عێراق بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانی کردوون و چەکداریان کوشتوون.

 

هیوا حوسامەدین، لەبەردەم نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکووک کە ئێستا بەشێکی بریندارەکانی لێن، زانیاریی زیاتر لەبارەی رووداوەکە دەخاتەڕوو:

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە