لە دهۆک هاونیشتمانییەک لەکاتی شۆفێریدا جەڵتە لێیدا و گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە نزیک گوندی قەرەنازی سەر بە پارێزگای دهۆک؛ لەکاتی شۆفێریدا جەڵتە لێیدا و گیانی لەدەستدا.
ئازاد تەها، گوتەبێژی هاتووچۆی دهۆک لە پەڕەی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، "کاژێر 9:30ـی شەوی رابردوو، 3ـی ئەیلوول، هاونیشتمانییەک دوای ئەوەی لە کاتی شۆفێریدا جەڵتە لێیداوە؛ ئۆتۆمبێلەکەی لە رێڕەوی خۆی لایداوە و دواتر گیانی لەدەستداوە".
دەشڵێت، رووداوەکە لە رێگەی نێوان ناحیەی رۆڤیا بۆ قەزای بەردەڕەش لە نزیک گوندی قەرەناز بووە.
ئەوەی لەو وێنانە دەردەکەوێت کە گوتەبێژەکەی هاتووچۆ بڵاویکردووەتەوە، ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری شێفرۆلێت ئۆپترایە.
تاوەکو ئێستا ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان بڵاونەکراونەتەوە، بەڵام بە گوێرەی ئاماری پۆلیسی هاتووچۆ، لە 2022دا لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و لە ئەنجامدا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ حەوت هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.