شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ وەزیری دارایی عێراق: ئەگەر تێبینییەکت لەسەر لیستی مووچەخۆران هەیە، ئێستا بیڵێ

04-09-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ رایگەیاند وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەبارەی چارەسەرکردنی "کێشەکانی پەیوەست بە لیستی مووچەخۆران" دەچنە لای وەزیری دارایی عێراق.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ (چوارشەممە، 4-9-2024) بە رۆژنامەڤانانی گوت "لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق قسەم کرد، دوێنێش قسەم کرد و وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش سەردانێکمان دەبێت بۆ لای."
 
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێ بە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی گوتووە "ئەگەر تێبینییەکت هەیە لەسەر لیستی مووچە ئێستا بیڵێ، چونکە ناکرێ تۆ هەر رۆژە بیانوویەک بدۆزیتەوە بۆ راگرتنی مووچەی خەڵکی کوردستان."
 
"لەسەر زێدەڕۆییەکانی لە تۆپزاوا دەکرێن، وەزیری بەرگری بانگ دەکەین"
 
شاخەوان عەبدوڵڵا کە لەهەمان کاتدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی لیژنەی مادەی 140ـی پەرلەمانیشە، گوتی سەبارەت بە زێدەڕۆییەکانی سوپای عێراق لە تۆبزاوا "بە ئامادەبوونی فەرماندەی فیرقەی 11، جووتیارانی ناوچەکە و ئەندامانی لیژنەی مادەی 140 کۆبووینەوە، رێگەچارەیەکمان دانا کە سوپا هەموو زێدەڕۆییەکانی رابگرێت."
 
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، بەرپرسانی فیرقەی 11 لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویانە "ئەو سەرپێچییەی ئێمە کردوومانە، هەمووی سوپا بە ئێمەی کردووە." دەشڵێ "بۆیە ئەو زێدەڕۆییەی سوپامان راگرت."
 
هەروەها گوتی "بڕیاریشمان دا وەزیری بەرگری و بەڕێوەبەری نیشتەجێکردنی وەزارەتی بەرگری بانگهێشت بکەین لەسەر ئەو سەرپێچییە." 
 
"سوودانی ئەمڕۆ بڕیاری دا 200 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات" 
 
لەبارەی ناردنی پارەی جووتیاران، شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ تەلەفۆنی بۆ کردم لەسەر بابەتی پارەی جوتیاران و گوتی ئەمڕۆ بڕیارم دا نزیکەی 200 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیاران خەرج بکەم. 
 
ئەو، لێی پرسیوە "بۆچی پارەکە بەسەریەکەوە نانێرن؟'' سوودانیش لە وەڵامدا پێی راگەیاندووە "کێشەی سیولەیان هەیە'' ئەگینا هەموو پارەکەیان پێکەوە خەرج دەکرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک تەکسی لەنزیک قەڵای هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

تەکسی میتەر لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت

سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە و گەیاندنی هەولێر رایگەیاند، وەزارەتی گواستنەوە سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ جێەجێکردنی پڕۆژەی تەکسی میتەر. دەشڵێت، "لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان کرێی گواستنەوە یەک نرخ دەبێت."