رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە سەرۆکی گشتیی هوداپار و شاندێکی باڵای ئەو حیزبە کرد. لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی رایگەیاند: "باشترین رێگە بۆ چارەسەری پرسی كوردستان، شێوازی لێكتێگەیشتن، یەكترقبووڵكردن، دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانەیە."
رۆژی چوارشەممە، 04-09-2024 سەرۆک بارزانی لەگەڵ زەكەریا یاپیجیئۆغلوو، سەرۆكی گشتیی هوداپار و شاندێکی باڵای ئەو حیزبە کۆبووەوە.
پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) پارتێکی ئیسلامیی کوردییە لە باکووری کوردستان و تورکیا، لە ساڵی 2012 دامەزراوە.
بەگوێرەی بارەگای بارزانی "لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دواپێشهاتەكان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و رۆشنایی خرایە سەر خەباتی مەدەنی بۆ خزمەتكردنی گەلانی توركیا و پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و هوداپار، جەختیش لە پەرەپێدانی ئەوە پەیوەندییانە كرایەوە."
"هەر لەو دیدارەدا سەرۆكی گشتیی هوداپار پێزانینی بۆ رۆڵی سەرۆك بارزانی لە پێشخستنی دۆزی گەلی كورد هەبوو و خۆشحاڵیی خۆشی بۆ بوونی هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان هوداپار و پارتی دیموكراتی كوردستان خستەڕوو." ئەمە بەپێی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە خەباتی گەلی کوردستان کرد و بە سەرۆک و شاندی هوداپاری راگەیاند "باشترین رێگە بۆ چارەسەری پرسی كوردستان، شێوازی لێكتێگەیشتن و یەكترقبووڵكردن و دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانەیە."

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ