رووداو ناسنامەی ئەو سێ کەسە بڵاودەکاتەوە کە لە هێرشە درۆنییەکەی خەلەکان کوژران
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دێسکى مافى مرۆڤى رێکخراوى CPTـی ئەمریکی رایگەیاند، قوربانییانی هێرشە درۆنییەکەی ئەمڕۆی شارۆچکەی خەلەکانی پارێزگای سلێمانی باوکێک و دوو کوڕن. "باوکەکە کاری کڕین و فرۆشتنی چەک بووە."
کامەران عوسمان، بەرپرسی دێسکى مافى مرۆڤى رێکخراوى CPTـی ئەمریکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند "قوربانییانی بۆردوومانەکەی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 4-9-2024)ـی شارۆچکەی خەلەکانی سەر بە قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی، ئەندامی یەک خێزانن و دانیشتووی گوندی کفرەدۆڵی سەر بە قەزای حاجیاوان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین."
روونیشیکردەوە "موزەفەر حوسێن خدر، خەڵکی گوندی ماخۆمەزنانی سەر بە ناحیەی سەنگەسەری قەزای پشدەر بووە، باوکی ئەو دوو کوڕەیە کە لەگەڵیدا کوژران، موزەفەر پیشەی کڕین و فرۆشتنی چەک بووە لە مەیدانی حاجیاوا."
بەگوتەی کامەران عوسمان "لە هەمان رووداوی ئەمڕۆدا دوو کوڕی موزەفەر بە ناوەکانی محەممەد، تەمەن 18 ساڵ کە خوێندکاری پۆلی 12ـی ئامادەیی بوو، لەگەڵ و موبین، تەمەن 14 ساڵ و خوێندکاری پۆلی 9ـی بنەڕەتی، گیانیان لەدەستدا."
هێرشەکە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سنووری شارۆچکەی خەلەکان لە قەزای دووکان کرایە سەر ئۆتۆمبێلەکەیان، قایمقامی دووکان بە رووداوی گوت، هێرشەکە بە درۆن کراوە.
کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان بە رووداوی راگەیاند، تەرمی ئەو سێ کەسە بە جۆرێک سووتابوون، ناسینەوەیان قورس بوو. رووداوەکە لەنێوان گوندی مێرگەپاشا و خەلەکان روویداوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، دووشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2024، رایگەیاند فڕۆکە جەنگییەکانی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی ئاسمانی، بە هاوئاهەنگیی میت، 20 پێگەی پەکەکەیان لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆردوومانکردووە.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) ـی ئەمریکی، کە ناوەڕاستی مانگی رابردوو بڵاویکردەوە، لەماوەی زیاتر لە 33 ساڵدا بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و ئێرانەوە 845 کەسی سڤیل لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی، لەو ژمارەیەش 425ـیان گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین قوربانییەکانیش بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بووە.