هەوڵێک بۆ دابڕاندنی زیاتر لە 30 گوندی کوردنشینی خوورماتوو پووچەڵ کرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوو بەرپرسی کورد دەڵێن، هەوڵێک هەبوو زیاتر لە 30 گوندی کوردنشین لە سنووری قەزای خوورماتووی پارێزگای سەلاحەدین دابڕێندرێن، بەڵام شکستی پێهێندرا.
کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگای سەلاحەدین رۆژی چوارشەممە 04-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەوڵێک هەبوو کە 32 گوندی کوردنشینی سەر بە قەزای خوورماتوو لە سەرژمێریی گشتی لە قەزاکە دابڕێندرێن و بخرێنە سەر هەرێمی کوردستان لەکاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەدا.
بڕیارە لە 20ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سەرژمێری گشتی لە عێراق و هەریمی کوردستان بکرێت.
راوێژکارەکەی پارێزگای سەلاحەدین کە کوردە لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئەو گوندانە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، بەڵام لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای خوورماتوون.
کاوە شێخانی گوتی، هەوڵ دراوە گوندەکان بەتەواوی لە قەزاکە دابڕێندرێن بۆ ئەوەی دەنگ و رەنگی کورد لە قەزاکە بە تەواوی کاڵ بێتەوە.
دیاترین گوندەکان بریتین لە خدر وەلی، ئاغجەمەشەد، لەک، قوشەلان، میلناسر، قەڵخانی گەورە و قەڵخانی بچووک، قوم پەڵک، نەوجوول، هەردوو زنانە، وارانی،چەوری، گەرمک و عومەر سۆفی.
هاوکات کەریم شوکر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و نوێنەری قەزای خوورماتوو لە پەرلەمان، رۆژی چوارشەممە 04-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو گوندانە زیاتر سەر بە ناحیەی سلێمان بەگن لە سنووری قەزای خوورماتوو؛ گوتیشی، بەڕێوەبەری ناحیەکە نووسراوی کردبوو تاوەکو ئەو گوندانە لەسەر ناحیەکە لاببرێن و لە سنووری هەرێمی کوردستان سەرژمێری بکەن.
قەزای خوورماتوو دەکەوێتە سنووری پارێزگای سەلاحەدین و یەکێکە لە ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان.
کەریم شوکر دەڵێت، لەگەڵ پارێزگار و لایەنە پەیوەندارەکان قسەیان کردووە و ئەو هەوڵیان پووچەڵکردووەتەوە و هەربۆیە، ئەو گوندانە لە چوارچێوەی قەزای خورماتوودا سەرژمێری گشتی دەکەن.
دوای هێرشەکەی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 نزیکەی 5000 خێزانی کوردی خورماتوو ئاوارەبوون و هێشتا دۆخەکە نەگەڕاوەتەوە پێش ئەو کاتە و کورد بەشی زۆری پۆستە کارگێڕییەکانی لەدەستداوە.