بۆ یەکەمجار لە سلێمانی و دهۆک مووچە بە 'هەژماری من' دابەش دەکرێت

04-09-2024
ئارێز خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار لە سلێمانی، دهۆک و ئیدارەی راپەڕین، مووچەی بەشێک لە فەرمانبەرانی شارستانی بۆ مانگی حەوت لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە دابەش دەکرێت.
 
تیمی 'هەژماری من' بە رووداوی گوت، سێ کابینە و 12 ئامێری ئەی تی ئێمیان لە سلێمانی داناوە، لە دهۆکیش دوو کابینە و نۆ ئەی تی ئێم و لە رانییە دوو کابینە و هەشت ئەی تی ئێم.
 
تیمی 'هەژماری من' دەڵێن، شوێنی دانانی ئەی تی ئێمەکان بەگوێرەی نزیکایەتی لە شوێنی کارکردنی فەرمانبەرەکان دانراوە و لە سلێمانی لەم شوێنانەیە:
 
گەڕەکی رزگاری نزیک سەرۆکایەتیی شارەوانی
شەقامی راپەرین بەرامبەر پاک سیتی
بەکرەجۆ بەرامبەر یاریگای بەکرەجۆی تازە
 
شوێنی ئەی تی ئێمەکان لە دهۆکیش ئەمانەن:
شەقامی ئازادی بەردەم نەخۆشخانەی لەدایکبوون
بەردەم سەرۆکایەتیی شارەوانی
 
 لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینیش دوو کابینە دانراون لەم شوێنانە:
رانییە، شەقامی 5ـی ئازار بەرامبەر ناوەندی وەرزشی لاوانی رانییە
رانییە، شەقامی رانییە - چوارقوڕنە نزیک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی راپەڕین.
 
تیمی 'هەژماری من'، لە رێگەی رووداوەوە داوا لەو فەرمانبەرانە دەکات کە مووچەکانیان لە رێگەی پرۆژەکەوە وەردەگرن، نەچنە بەردەم ئەی تی ئێمەکان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان تاوەکو ئەو کاتەی لە رێگەی نامەی مۆبایلەوە ئاگادار دەکرێنەوە کە مووچەکانیان چووەتە سەر هەژماری بانکییان، ئەمەش لەپێناو دروستنەبوونی قەرەباڵغی و وەستانیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە قەرەباڵغیدا.
 
هاوکات، دەشڵێن، هەر ئامێرێکی ئەی تی ئێم 100 بۆ 300 ملیۆن دینار دەگرێت لەکاتی بەتاڵبوونی ئەی تی ئێمەکان و تەواوبوونی پارەکەی، تیمەکانیان لەماوەی کاژێرێکدا ئەو ئەی تی ئێمە پڕ پارە دەکەنەوە و تیمەکانیشیان تەنیا لە کاژێر 12ی شەو تاوەکو 7ی بەیانی لە کاردا نابن و هەموو کاتەکانی دیکە لە نزیک ئەی تی ئێمەکان دەبن بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک کە دێتە پێش مووچەخۆران.
 
تیمەکە ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەموو کابینەکان کارەبای پێویستیان بۆ دابینکراوە بەهاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا و لەکاتی نەمانی کارەبای نیشتمانی یوپی ئێس بۆ ئامێرەکان دانراوە بۆ ئەوەی هیچ فەرمانبەرێک بەهۆی پچڕانی کارەباوە تووشی کێشە لە وەرگرتنی مووچەکەی نەبێتەوە.
 
تیمی 'هەژماری من' ئاماژە بەوە دەکەن، بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی حەوت، 120 هەزار فەرمانبەر مووچەکانیان لە رێگەی 'هەژماری من' وەردەگرن کە 103 هەزاریان فەرمانبەری شارستانی و 17 هەزاریان پێشمەرگەن.
 
بەگوێرەی داتاکانی تیمی 'هەژماری من' لەوکاتەوەی پرۆسەی تۆمارکردن لە پرۆژەکە دەستیپێکردووە، زۆرترین رێژەی تۆمارکردن لە هەولێر بووە بە 96٪ کە  116 هەزار فەرمانبەر مووچەکانیان چووەتە سەر 'هەژماری من'، دوای ئەوەش دهۆک بە رێژەی 92٪ هەزار و 500 فەرمانبەر و ئینجا سلێمانی بە رێژەی 33٪ کە دەکاتە دوو هەزار و 500 فەرمانبەر کە زۆرترینیان فەرمانبەران و مامۆستایانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، خوێندنی باڵا و تەندروستین لە سنووری سلێمانی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

عێراق لە حەوت مانگدا 6.5 تریلیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە

بەپێی راپۆرتی خەرجی و داهاتەکانی حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2024، عێراق زیاتر لە 73 تریلیۆن دینار خەرجی و 77 تریلیۆن داهاتی هەبووە. هەروەها 6 تریلیۆن و 570 ملیار دیناریشی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.