لەگەڵ رەنج؛ هۆكاری زۆریی كۆچی گەنجان لە ئیدارەی راپەڕین چییە؟

04-09-2023
هیدایەت جان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کۆچی گەنجان لە هەرێمی کوردستان رووی لە هەڵکشان کردووە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینیش پشکی شێری بەرکەوتووە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، دیاردەی کۆچی گەنجان لە راپەڕین گۆڕاوە بۆ کۆچی خێزانی. هاوکات سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ‏ئەوروپا رایدەگەیێنێت؛ "لە ماوەی هەشت بۆ نۆ ساڵی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان 153 هەزار و 600 کەس کۆچیان کردووە کە لەو ژمارەیە 34 هەزار کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون." 
 
رۆژی یەکشەممە 3ـی ئەیلوولی 2023، بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداری مەلا قادر یاسین، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین؛ ‏كاسترۆ مەعرووف، سەرۆكی لیژنەی كارگێڕیی ‌و دارایی لە ‏ئەنجوومەنی پارێزگای ‏سلێمانی؛ خالید قادر، سەرۆكی دامەزراوی رایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی ‏كوولتوری و گەشەپێدانی ‏مرۆیی‏؛ ‏بەكر عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ‏ئەوروپا؛ ‏ئەحمەد حەسەن، سەرۆكی رێكخراوی گەنجانی راپەڕین و ‏ئامانج خدر،‎ ‎نووسەر ‌و چالاكڤان پرسی زیادبوونی کۆچی گەنجان لە ئیدارەی راپەڕین و هۆکارەکانی تاوتوێ کران. 
 
"نەبوونی هەلی کار هۆکاری سەرەکی کۆچە"
 
جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی کار بە هۆکاری لەپێشینەی کۆچی گەنجانی دەڤەری راپەڕین دەزانێت و باس لەوە دەکات کە چەندین پڕۆژەیان بۆ رەخساندنی هەلی کار پێشکێش بە حکومەت کردووە، بەڵام جێبەجێ نەکراون. 
 
‏مەلا قادر یاسین، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، "لە ساڵی 2006 بۆ 2009 بەهۆی لەباربوونی کەشوهەوای سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، کۆچی پێچەوانە بۆ کوردستان دەستیپێکردەوە، بەڵام لە دوای ساڵی 2009 بەهۆی ناتەبایی سیاسی نێوان لایەنەکان، جارێکی دیکە کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات دەستیپێکرد و دواتر بەهۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی هێندەی دیکە کۆچی بەلێشاوی گەنجان زیادیکرد".
 
مەلا قادر یاسین پێیوایە، "نەبوونی هەلی کار هۆکاری سەرەکی کۆچی گەنجانی راپەڕینە، لە ئیدارەی راپەڕین دەیان پرۆژەمان پێشنیاز کردووە بۆ رەخساندنی هەلی کار، بەڵام ئەوانەی بڕیاری پلانی ئابووریی هەرێمی کوردستانیان لەدەستە گرنگی پێ نادەن، حکومەت دەبێ ئەوە بکات بە مەرج، ئەگەر سەرمایەدارێک 10 پرۆژە لە هەولێر و سلێمانی پێشکێش دەکات، دەبێت دووانی لە دەرەوەی شار و لە ئیدارە سەربەخۆکان و قەزاکان بێت".
 
 
"سەرمایەدارێک بیەوێ لە راپەڕین کارگە دابنێت، حیزب داوای شەراکەتی لێدەکات"
 
جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین دەڵێت، هەر سەرمایەدارێک بیەوێ لە دەڤەرەکەمان کارگەیەک دابنێت، حیزب و بەرپرسان داوای هاوبەشی لێدەکەن و ئەو کەسانەش کە لە کارگەکە کار دەکەن، دەبێت پشتگیری حیزب و بەرپرسەکە وەربگرن.
 
مەلا قادر یاسین، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین گوتی، "بەشێکی زۆر لەو گەنجانەی لە دەڤەری راپەڕینەوە کۆچ دەکەن، زانکۆیان تەواوکردووە و دانامەزرێن و هیچ هەلی کاریش لە ناوچەکە نییە، لە ئیدارەی راپەڕین گەنجێک کە بیەوێت لە کارگەیەک یان شوێنێک کار بکات، مانگانە ئەوپەڕی 150 هەزار دیناری پێدەدرێت، ئەویش ئەگەر دەستی بکەوێت".
 
جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین دووپاتیدەکاتەوە، "سەرمایەدارێک کە دێت لە دەڤەرەکەمان کارگەیەک دادەنێت، حیزب و بەرپرس داوای هاوبەشی 'شەراکەت'ـی لێ دەکەن، حیزبیش بۆیە دەبێتە شەریکی، بۆ ئەوەی کادیر و کەسە نزیکەکانی خۆی لێ دابمەزرێنێت، ئێستا ئێمە لە ناوچەکەمان بەدەست ئەو دیاردەیەوە دەناڵێنین".
 
 
"34 هەزار گەنجی راپەڕین لە ماوەی نۆ ساڵ کۆچیان کردووە"
 
بەكر عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ‏ئەوروپا‏ رایگەیاند، "لە ماوەی هەشت بۆ نۆ ساڵی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان 153 هەزار و 600 کەس کۆچیان کردووە کە لەو ژمارەیە 34 هەزار کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون و رێژەی کۆچی گەنجان لە ساڵی 2020ەوە رووی لە هەڵکشان کردووە و لە هەشت مانگی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان 17 هەزار و 400 کەس کۆچیان کردووە کە نزیکەی سێ هەزار کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن". 
 
بەگوێرەی ئاماری سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ‏ئەوروپا، تەمەنی ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە لە 16 ساڵانەوە دەستپێدەکات تا سەرووی 50 ساڵ و ئەمساڵیش رێژەی کۆچی خێزانی زیادی کردووە کە زیاتر لە رێگەی ڤیزا لە وڵاتانی پۆڵۆنیا، هەنگاریا و بۆسنا دەڕۆن. بەکر عەلی روونیدەکاتەوە، "لە ماوەی ساڵی 2021 حەوت هەزار و 800 کەس تەنیا لە دەڤەری راپەڕین کۆچیان کردووە، کە لە هەموو هەرێمی کوردستان 28 هەزار کەس کۆچیان کردبوو".
 
هەر بەگوێرەی ئاماری كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ‏ئەوروپا، "لە ساڵی 2022 سێ هەزار و 200 کەس لە دەڤەری راپەڕین کۆچیان کردووە، بەگشتی لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوو لە 153 هەزار و 600 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان کە کۆچیان کردووە، 566 هاووڵاتی خنکاون یان بێسەروشوێن بوون، کە لەو رێژەیە 151 کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون".
 
"راپەڕین دیاردەی کۆچی گەنجانی تێپەڕاندووە"
 
كاسترۆ مەعرووف، سەرۆكی لیژنەی كارگێڕیی ‌و دارایی لە ‏ئەنجوومەنی پارێزگای ‏سلێمانی دەڵێت، "ئێستا دەڤەری راپەڕین دیاردەی کۆچی گەنجانی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە کۆچی خێزانی، واتا خێزانەکان هەمووی بەیەکەوە کۆچ دەکەن و وڵات جێدەهێڵن، ئەوەش بەهۆی ئەو نادادی و ناسەقامگیرییەیە کە لە هەرێمی کوردستان هەیە".
 
بەگوتەی کاسترۆ مەعرووف، "تەنیا لە سێکتەری کشتوکاڵیدا لە دەڤەری راپەڕین دەتوانین سەرجەم هەرێمی کوردستان بگەیێنینە قۆناخی خۆبژێوی، لەڕووی بازرگانیشەوە بە سەتان کارگەی بلۆک لە راپەڕین هەن کە ئێستا لە کارکەوتوون لەبەر ئەوەی نرخی کارەبا و رسووماتیان لەسەر زیادکراوە، ئێستا گەنجی راپەڕین رۆژانە بە سێ هەزار دینار کار دەکەن". 
 
"کۆچی گەنجان دارایی خێزانەکانی بووژاندووەتەوە"
 
سەرۆكی لیژنەی كارگێڕیی ‌و دارایی لە ‏ئەنجوومەنی پارێزگای ‏سلێمانی باس لەوە دەکات، ئەگەر کۆچی گەنجانی راپەڕین نەبووایە ئێستا ناوچەی راپەڕین لە قۆناخی ساڵانی 90 دەمایەوە و باڵەخانەکان زۆربەی کۆن و پەککەوتە دەبوون، یانە وەرزشییەکانی ئەو دەڤەرە لەلایەن گەنجانی راپەڕین لە ئەوروپاوە پاڵپشتی دەکرێن، ئێستا خێزانێک گەنجێکی لە دەرەوە بێت، باری گوزەرانی باشترە لە خێزانێک کە کەسی لە دەرەوەی وڵات نەبێت.
 
لەبارەی هەلی کار لە دەڤەری راپەڕین، کاسترۆ مەعرووف دەڵێت، "گەنج لە راپەڕین بۆ ئەوەی کرێکاری دەستبکەوێت دەبێت پاڵپشتی حیزبی بۆ بکرێت و لە بری هەشت کاژێر 10 بۆ 12 کاژێر کاری پێدەکەن و سەلامەتیی کاریان نییە، ئێستا لە هەموو کارگەکانی راپەڕین کرێکار بە مووچەیەکی کەم وەردەگرن، رۆژانە 12 کاژێر کاریان پێ دەکرێت کە مووچەیان لە نێوان 150 هەزار دینار بۆ 300 هەزار دینارە، بەگشتی کرێکار لەو ناوچەیە دەچەوسێتەوە".
"لە قەیسەرییەکی قەڵادزێ تەنیا یەک دووکان دانەخراوە"
 
‏ئەحمەد حەسەن، سەرۆكی رێكخراوی گەنجانی راپەڕین باس دۆخی کاسبکاران و دووکاندارانی قەڵادزێ و دەڤەری راپەڕین بەگشتی دەکات و پێیوایە، "لەم دەڤەرە هەناسە بۆ ژیانی گەنجان نەماوە، لە کار و خزمەتگوزاری و شوێنی حەوانەوەدا هیچی بۆ نەکراوە و گەنج هەیە لە سەربڕخانە رۆژانە حەوت کاژێر کار دەکات بە 200 هەزار دینار، ئەوە چۆن بتوانێت خۆی پێ بژێنێت و داهاتووی لەسەر بنیات بنێت و ژیانی هاوژینی پێکبهێنێت؟"
 
سەرۆكی رێكخراوی گەنجانی راپەڕین دەڵێت؛ "لەنێو بازاڕەکانی قەڵادزێ دەیان دووکان داخراون لەبەر نەبوونی بازاڕ و خاوەن دووکان ناتوانێت کرێکەی پەیدا بکاتەوە، لەنێو بازاڕی قەڵادزێ لە یەک شەقام 20 دووکان لێی نووسراوە "بۆ فرۆشتن" و قەیسەری هەیە تەنیا یەک دووکانی کراوەیە". 
 
"لە قوتابخانەیەکی 350 خوێندکاری 70 کوڕی تێدایە"
 
سەرۆكی رێكخراوی گەنجانی راپەڕین باس لە کۆچی بەلێشاوی کوڕان لە قەڵادزێ دەکات و دەڵێت، "باڵانسی جێندەری بەهۆی کۆچی کوڕانی گەنج لە قەڵادزێ تێکچووە، ساڵی رابردوو ئامارێکمان کۆکردەوە لە قوتابخانەی ئامادەیی قەڵادزێ لەکۆی 350 خوێندکار 70 خوێندکاری کوڕ بوون و سێ بەشەکەی دیکەی کچ بوون". 
 
بەگوتەی ئەحمەد حەسەن، "لە هەشت مانگی ئەمساڵدا لە قەڵادزێ 280 کەیسی جیابوونەوەی هاوژینیی تۆمارکراوە، زۆربەشیان بەهۆی ئەوەیە گەنجان ناتوانن بژێوی خێزانەکەیان پەیدا بکەن و بە ناچار لەیەک جیادەبنەوە. گەنج هەیە لەسەر رۆیشتن بۆ ئەوروپا لە هاوژینەکەی جیابۆتەوە و دوو منداڵی بەجێهێشتووە". 
 
 
"بەشێک لە بەرپرسیاریەتی کۆچی گەنجان لە ئەستۆی ئیدارەی خۆجێییە"
 
‏ئامانج خدر،‎ ‎‏نووسەر ‌و چالاكڤان ‏لە دەڤەری راپەڕین پێیوایە، نەبوونی هەلی کار و بەرزبوونەوەی کۆچی گەنجانی راپەڕین لەچاو ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بەشێکی بەهۆی کەمتەرخەمی بەرپرسانی ئیداریی ناوچەکەیە.
 
ئەو نووسەر و چالاکڤانە دەڵێت، "بەڕێوەبەرانیی ئیدارەی راپەڕین کەمتەرخەم بوون لە دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجانی دەڤەرەکە، ئەوان دەبێ بپرسن بۆ دەبێ رێژەی کۆچی گەنجان لەنێو ئەو ئیدارەیەدا لەچاو ناوچە و شوێنەکانی دیکە ئەوەندە بەرزە، هاوتەریب لەگەڵ ئەوەش ژمارەیەک میدیا و نووسەر هەن لە ناوچەکە، کار لەسەر هاندانی گەنجان بۆ کۆچکردن دەکەن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."