لە کرماشان دوو مێرمنداڵ لە بەنداوێکدا خنکان

رووداو دیجیتاڵ

دوو مێرمنداڵ لە بەنداوی ئازادیی قەزای داڵاهۆی سەر بە پارێزگای کرماشان خنکان.
 
مەسعود قەلعەسفیدی، بەڕێوەبەری فریاکەوتن و کۆنترۆڵی قەیرانی زانکۆی پزیشکیی کرماشان رایگەیاند، رووداوەکە نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە (3-9-2023) لە گوندی بانیارانی سەید حەسەن سەر بە قەزای داڵاهۆ روویداوە و دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی فریاکەوتنیان ناردووەتە شوێنی رووداوەکە و دوای ماوەیەکی کەم تەرمی هەردوو کەسەکەیان لەنێو بەنداوی ئازادیدا دەرهێناوە.
 
بە گوتەی مەسعود قەلعەسفیدی، تەرمی دوو مێرمنداڵەکە کە تەمەنی یەکێکیان 16 ساڵ و ئەوی دیکەیان 17 ساڵ بووە، لە لایەن تیمەکانیانەوە لە بەنداوەکەدا دەرهێنراوە و رەوانەی دادپزیشکیی داڵاهۆ کراون.
 
بەڕێوەبەری فریاکەوتن و کۆنترۆڵی قەیرانی زانکۆی پزیشکیی کرماشان رایگەیاند، ئەو دوو کەسە بەمەبەستی مەلەکردن چووبوونە نێو بەنداوی ئازادیی داڵاهۆ، داوای لە هاونیشتمانیانی ناوچەکەش کرد، خۆیان لە چوونە نێو ئاوی رووبارەکان و بەنداوەکان بە مەبەستی مەلەکردن دوور بگرن.