لە مهاباد پێشانگەی بەرهەمە دەستییەکانی ژنان سازکرا؛ سەردانکەر و کڕیار کەمبوون

رووداو دیجیتاڵ

لە مهاباد پێشانگەیەکی تایبەت بۆ خستنەڕوو و فرۆشتنی بەرهەمە دەستییەکانی ژنانی ئەو شارە بەڕێوەچوو. لە پێشانگەکەدا زیاتر لە 60 ژن، بەرهەمی جیاوازیان خستەڕوو، بەڵام هەڵاوسان کاریگەریی لەسەر فرۆشی ئەو بەرهەمانەش هەبووە.
 
زوڵەیخا جۆڵایی، یەکێک لە فرۆشیارەکانی پێشانگەی کارە دەستییەکانی مەهاباد بوو، کە دەستکێش، گۆرەوی، زەنگاڵ و کڵاوی مەرەزە دەچنێت، ئەو بەو هیوایە بەشداری لە پێشانگەکەدا کرد؛ خەڵک لێی بکڕن و بە داهاتەکەی هاوکاریی کوڕەکەی بکات لە دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەیاندا.
 
بەگشتی ئەو ژنانەی لە پێشانگەکە بەشدار بوون، بە هۆی هەڵاوسان و سەختیی کارەکەیان، ناچاربوون نرخی بەرز لەسەر بەرهەمەکانیان دابنێن و بەو هۆیەشەوە تەنیا بەشێک لە خەڵک توانای کڕینیان هەبووە.
 
ئەم پێشانگەیە لە مهاباد و بۆ ئەو ژنانە کراوەتەوە، لە ماڵەوە شتوومەکی دەستی یان خواردەمەنی ئامادە دەکەن. ئامانج لێی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان بوو.
 
بەشێک لەو ژنانەی لە ماڵەوە کاری دەستی دەکەن، دەرچووی زانکۆن و دانەمەزراون. ئەوان بە هەوڵی خۆیان فێری بەرهەمهێنانی شتوومەک و ئامادەکردنی خواردەمەنییەکان بوون و دەڵێن، "ئەگەر داهاتی کەمیش بێت، لە بێکاری باشترە."
 
سێیەمین پێشانگەی بەرهەمەکانی دەستی ژنانی مهاباد ماوەی هەفتەیەک بەردەوام بوو. خاوەن ژوورەکان لە کەمبوونی کڕیار و سەردانکەران لە گرانی نرخەکان بە گلەیین.