پێنج زیارەتکاری شیعە لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ئیلام گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێنج زیارەتکاری شیعە گیانیان لەدەستدا.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 04-09-2023 ئەبولفەزڵ کەهزادی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئیلام رایگەیاند، رووداوەکە لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیژۆ و تانکەرێکدا بووە و لە رێگەی سەرەکیی نێوان میهران - دێلۆران روویداوە.
 
ئەبولفەزڵ کەهزادی گوتی، دوای ئاگاداربوون لە رووداوەکە، دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتنیان ناردووەتە شوێنەکە و دوای پشکنینی سەرەتایی بۆیان دەرکەوتووە کە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئیلام گوتیشی، سەرنشینەکانی ئۆتۆمبێلەکە زیارەتکاری مەزارگە پیرۆزەکانی شیعە و خەڵکی پارێزگای ئیسفەهان لە ناوەندی ئێرانن و لە عێراقەوە دەگەڕانەوە.
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکەش ئاماژەی بەوە کرد کە شۆفێری ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە خەوی لێکەوتووە و کۆنترۆڵی لەدەستداوە، بۆیە ئۆتۆمبێلەکە لە رێڕەوی خۆی دەرچووە و دواتر خۆی بە تانکەرێکدا کێشاوە و کارەساتەکەی لێکەوتووەتەوە.
 
رۆژی 01-09-2023ش لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگای ئیلام چوار کەس گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسیش بریندار بوون. بەرپرسانی پارێزگاکە رایانگەیاند، قوربانیانی رووداوەکان زیارەتکاری مەزارگە پیرۆزەکانی شیعەکان بوون و بە مەبەستی بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن سەردانی عێراقیان کردووە.