لە کەرکووک هاونیشتمانییان بۆ هاوخەمیی شەهیدانی شارەکە خۆپێشاندان دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە گەڕەکی شۆریجەی کەرکووک گردبوونەوەیەک بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بۆ کەسوکاری کوژراو و بریندارانی خۆپێشاندانەکەی رۆژی 2ـی ئەیلوول بەڕێوەچوو و هاووڵاتییان داوای بەسزاگەیاندنی بکوژ و تەقەکەرانی خۆپێشاندانەکەیان کرد.
 
رۆژی دووشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2023، لە گەڕەکی شۆریجەی کەرکووک هاووڵاتییان گردبوونەوەیەکیان رێکخست و داوای بەسزاگەیاندنی ئەو کەسانەیان کرد کە بوونەتە هۆکاری کوشتنی چوار خۆپێشاندەر و برینداربوونی ژمارەیەک خۆپێشاندەری دیکە.
 
هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، گردبوونەوەکە بە هێمنی بەڕێوەدەچێت و هەندێک گەنج ئاڵای کوردستانیان بەرزکردووەتەوە و هێزەکانی پۆلیسی شارەکەش ئەرکی پاراستنی گردبوونەوەکەیان لە ئەستۆ گرتووە.
 
بەشداربوویەکی گردبوونەوەکە بە روودای گوت، "ئامانجمانە ئەو پەیامە بگەیێنین کە شەهیدەکانمان لە رۆژی خۆپێشاندانەکە ستەمیان بەرامبەر کرا و بکوژانیان بدۆزرێنەوە و بە سزای خۆیان بگەن بۆ ئەوەی خوێنیان بە فیڕۆ نەچێت".
 
بە گوتەی هاووڵاتییەکی دیکە، ئەو گردبوونەوەیە دەستی هیچ حیزبێکی تێدا نییە و تەنیا کوردبوون کۆیکردوونەتەوە و دەشڵێت، "هەفتەیەک رێگەی هەولێر بێ هیچ هۆکارێک گیرا، ئێستا خۆپێشاندانێکی ئاشتییانەمان کردووە و داواکارین خوێنی شەهیدەکانمان بە فیڕۆ نەچێت، داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەم بەدەم داواکارییەکەمانەوە بێت".
 
گەنجێک ئاڵای کوردستانی بەدەستەوە گرتبوو و بۆ پەیامنێری رووداو باسی لەوە کرد، چەندین ساڵە لە کەرکووک ستەم لە کورد دەکرێت و گوتیشی "تاوەکو ئەم ئاڵای کوردستانە نەچێتەوە دەست پەیکەری پێشمەرگە واز ناهێنین".
 
بەشداربوویەکی دیکە ئاماژەیدا، "پێمان باشە لە رێگەی یاساوە ئەوانەی دەستیان لە شەهیدکردن و بریندارکردنی خۆپێشاندەرانی کورد هەبووە، بە زووترین کات دەستگیر بکرێن و بە ئاشکرا دادگەیی بکرێن، لەبەرئەوەی خۆپێشاندەران داوای مافی خۆیانیان کرد و تەنیا لەبەر ئەوەی کورد بوون، شەهید کران".
 
رۆژی شەممە، کاژێر 17:00 هاونیشتمانیان لە کەرکووک دەستیان بە خۆپێشاندان کرد، ئەوەش وەک ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر داخستنی رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک - هەولێر لە لایەن بەشێک لە عەرەب و تورکمانەوە کە دژی ئەوەن بارەگاکانی پارتی لە شارەکە رادەستی ئەو حیزبە کوردستانییە بکرێنەوە. 
 
دواتر خۆپێشاندانەکە گرژی لێکەوتەوە و تەقە لە خۆپێشاندەران کرا و بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، قەدەخەی هاتووچۆ لە شاری کەرکووک راگەیێندرا.