راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە کەرکووک 40 هاونیشتمانی دەستگیرکراون و چارەنووسیان نادیارە
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە خۆپێشاندانەکەی کەرکووک، 40 هاونیشتمانیی کورد دەستگیرکراون و تائێستا چارەنووسی دیارنییە، جگە لە شەهیدبوونی چوار کەس، 14 کەسی دیکەش برینداربوون.
رۆژی دووشەممە، 04-09-2023 نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی خۆپێشاندان و لێکەوتەکانی لە کەرکووک بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دوای ئەنجامدانی خۆپێشاندان بۆ کردنەوەی رێگەی نێوان هەولێر - کەرکووک دەستکراوە بە رەشبگیرییەکی هەڕەمەکی و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان دەستگیرکراون، بەشێوەیەک تائێستا سۆراخیان دیارنییە، ئاماری دەستگیرکراوان لە هەڵکشاندایە و تائێستا 40 هاووڵاتی دەستگیرکراون. هەروەها 14 بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانە جگە لەوەی چەند هاووڵاتییەکی دیکە بەردباران کراون و بریندارن."
رۆژی 02ی ئەیلوولی2023 لە شەشەمین رۆژی خۆپێشاندانی بەشێک لە عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک دژی رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی بەو حیزبە، کوردی کەرکووکیش دژی داخستنی رێگەی سەرەکیی کەرکووک - هەولێر لەلایەن ئەو خۆپێشاندەرانەوە، دەستیان بە خۆپێشاندان کرد و هێزە عێراقییەکان تەقەیان لێکردن و چوار هاونیشتمانی شەهید بوون.
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت "ئەم رووداوە چەندین شەهید و بریندارى لێکەوتەوە و بە دەیان کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانیشەوە دەستگیرکراون. ئێستا رێگەکان کراونەتەوە، بەڵام چەند لایەنێک بە هەمەر و کەلوپەلی سەربازییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵە کوردەکان و بەدوای ناسنامەی ئەو کوردانەدا گەڕاون کە بەشداربوون لە خۆپێشاندانەکە، ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و هەموو بنامیەکی پێکەوەژیانە."
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، داوا لە سەرجەم لایەنە نێودەوڵەتییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات، چاودێریی رەوشی شاری کەرکووک بکەن و "پێشێلکارییەکانی ئەم رووداوانەى شارى کەرکووک کە لایەنە ئەمنییەکان ئەنجامیانداوە لە چوارچێوەی رێسا نێودەوڵەتییەکان بەرزبکرێتەوە بۆ مەبەستی بەرز راگرتنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان پێکهاتەکان بەپێی پانۆرامای خولی گشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان کە وڵاتی عێراق ئەندامە تێیدا و ئەو پلانە نیشتمانییەی کە حکومەتی فیدراڵ پێی پابەندە لە پاراستنی ئازادییەکان."
سەرەڕای بڕیاری حکومەتی فیدراڵی بۆ رادەستکردنەوەی بارەگا و نشینگە سیاسییەکان بۆ پارتە کوردستانییەکان بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی چالاکی و جووڵەی سیاسی لە شاری کەرکووک. بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان "هێشتا چەند لایەنێکی تووندڕۆ رێگرن لە گەڕانەوەی پێکهاتەی دیکە وەک بکەری سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ناو شارەکە."
بڕگەکانی یەکەم لە مادەکانی 39 و 44ـی دەستووری عێراق، داکۆکی دەکەن لە مافی پارتە سیاسییەکان و پەیوەندیکردن پێیانەوە، هەروەها دەستوور مافی هەر تاکێکی بۆ ئازادی هاتووچۆ چەسپاندووە. نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە "لە دوای رووداوەکانی 16ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2017، دەزگا ئەمنییە لۆکاڵییەکان نەیاتوانیوە کەشێکی لەبار بڕەخسێنن بۆ گەڕانەوەی پارتە سیاسییە کوردییەکان و دەستپێکردنەوەی چالاکییە رامیارییەکانیان لە ناو شاری کەرکووک."