حکومەتی هەرێمی کوردستان: بەغدا سیاسەتی برسیکردن بەرامبەر خەڵکی کوردستان بەکاردەهێنێت

04-09-2023
نازەنین گۆران
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن مووچە پێشەوا هەورامانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ ئەو پارەیەی بەغدا ناردوویەتی، بەشی مووچەی هاووڵاتییان ناکات، هەروەها دەڵێ "هەست دەکەین حکومەتی عێراق سیاسەتی برسیکردن بەرامبەر خەڵکی کوردستان بەکاردەهێنێت".
 
گوتەبێژی حکومەت و ئەندامانی شاندنی دانوستاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی نەوت و بودجە لەگەڵ بەغدا، ئەمڕۆ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد.
 
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم دانووستاندنی لە 30ـی کانوونی دووەمەوە تاوەکو دوایین سەردان لە 30ـی ئاب، هەوڵەکانی بەردەوام بوون تاوەکو حکومەتی عێراق پابەند بێت بەو رێککەوتننانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردوویەتی. دوای ئەو هەموو گفتوگۆیانە حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی 500 ملیار دیناری بۆ مووچە داوە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە 940 ملیار دینارە." 
 
دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەیدا کە بەهۆی یادی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن پێشی خستبوو، بڕیاری دا 500 ملیار دینار بۆ مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، کە بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو "وەک قەرز دەبێت و، دواتر لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان پاکتاو دەکرێت." 
 
 
گوتەبێژی حکومەت ئەمڕۆ لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا لە هەولێر هەروەها گوتی "حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا پابەندی ئەو رێککەوتنانە نەبووە کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیبووە و لە یاسای بودجە کە لە پەرلەمانی عێراق دەرکراوە. تاوەکو ئێستا نەک پشکی هەرێمی لە یاساکەدا نەناردووە، بەڵكو مووچەی مووچەخۆرانیش نەنێردراوە، کە هەست بەوە دەکەین ئەوە سیاسەتی برسیکردنە."
 
ئەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەی گوتەبێژ و شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خانەنشینان و پێشمەرگە تائێستا مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە.
 
یاسای بودجەى گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023-2024-2025، لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسندکرا، لە 26ـی هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە. پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە