بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2021، ئەمساڵ داهاتی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و پەروێزخان زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
داهاتی دەروازە نێودەوڵەتییەکانی ئیبراهیم خەلیل و پەروێزخان لە شەش مانگی یەکەمی 2022 بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی 2021 زیادیکردووە، داهاتی هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران و باشماخیش کەم بووەتەوە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، "لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان 12 کۆمپانیا بەناوی جۆراوجۆرەوە باج لە بارهەڵگرەکان وەردەگرن کە هیچ سوودێکیان بۆ جموجۆڵ و رێکخستنی کاروباری بازرگانی نییە، ئەوەش وا دەکات هاتووچۆ لە دەروازەکان کەمتر ببێتەوە."
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو لەبارەی داهاتی دەروازە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەرکەوتووە کە داهاتی دەروازەی باشماخ و حاجی ئۆمەران لە شەش مانگی یەکەمی 2022 بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی 2021 کەم بووەتەوە، بە پێچەوانەی ئەو دوو دەروازەیە لە ئیبراهیم خەلیل و پەورێزخان زیادیکردووە.
لە هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی نێودەوڵەتیی فەرمی و هاوسنوور لەگەڵ ئێران و تورکیا هەن، هەروەها پێنج دەروازەی لاوەکیش هەن. ئەو دەروازانەی کە نێودەوڵەتین؛ پەروێزخان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و باشماخ لە پێنجوێن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئیبراهیم خەلیل لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە سنووری پارێزگای دهۆک و حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر.
جیاوازیی داهاتی دەروازە نێودەوڵەتییەکان لە شەش مانگی سەرەتای 2021 و 2022 بەم شێوەیەی خوارەوەیەوە:
داهاتی باشماخ لە شەش مانگی یەکەمی 2021دا 119 ملیار و 509 ملیۆن دینار بووە، بەڵام لە 2022 کەم بووەتەوە بۆ 79 ملیار و 334 ملیۆن دینار.
حاجی ئۆمەران لە شەش مانگی یەکەمی 2021دا داهاتەکەی 129 ملیار و 681 ملیۆن دینار بووە، بەڵام لە 2022دا کەم بووەتەوە بۆ 113 ملیار و 712 ملیۆن دینار.
پێچەوانەی حاجی ئۆمەران و باشماخ، داهاتی ئیبراهیم خەلیل و پەروێزخان زیادیکردووە، پەروێزخان لە 2021 داهاتەکەی 120 ملیار و 559 ملیۆن دینار بووە، بەڵام لە 2022 زیادیکردووە بۆ 129 ملیار و 970 ملیۆن دینار.
ئیبراهیم خەلیل داهاتەکەی لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوودا 394 ملیار و 126 ملیۆن دینار بووە، بەڵام لە 2022دا زیادیکردووە بۆ 461 ملیار و 754 ملیۆن دینار.
سەبارەت بەو دەروازانەی کە نێودەڵەتی نین، ژمارەیان پێنج دەروازەیە، کە کێلێ لە سنووری راپەرین، سەیرانبەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، پشتە و تەوێڵە لە سنووری هەڵەبجە و پیشابوور لە سنووری پارێزگای دهۆکن.
داهاتەکانی ئەو دەروازە سنوورییە لاوەکییانە بەم شێوەیە: هەریەک لە دەروازەی کێلێ و سەیرانبەن مانگانە داهاتەکانیان زیاتر لە ملیارێک دینار دەبێت، پشتە زیاتر لە سێ ملیار دینار؛ تەوێڵە، زیاتر لە چوار ملیار دینار و پیشابوور نزیکەی 500 ملیۆن دینارە.
رۆژی یەکشەممە، 04-09-2022 شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە تەواوەتی هەستمان بەوە کردووە کە داهاتی دەروازەکەمان کەم بووەتەوە، ئەگەر داهاتی ئەمساڵ بەراورد بکەین بە ساڵی رابردوو، 50% کەم بووەتەوە و بەرەو کەمتریش دەڕوات."
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئێستا رۆژانە 70 بارهەڵگر لە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ هاتووچۆ دەکەن، لە کاتێکدا پێشتر رۆژانە زیاتر لە 300 بارهەڵگر هاتووچۆیان دەکرد.
لەبارەی کەمبوونەوەی داهاتی دەروازەکان، کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان 12 کۆمپانیا بەناوی جۆراوجۆرەوە باج لە بارهەڵگرەکان وەردەگرن کە هیچ سوودێکیان نییە بۆ جموجۆڵ و رێکخستنی کاروباری بازرگانی و تەنیا پارە وەرگرتنە، ئەوەش وایکردووە، شۆفێری بارهەڵگرەکان، بارەکانیان نەهێنن بۆ دەروازەکانی ژێر دەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان."