چەکدارێک لە قەرەداخ ژمارەیەک ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بریندار دەکات و دەکوژرێت

04-09-2022
پێشەوا بەختیار
دوای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، چەکدارەکە کوژراوە. وێنە: مەریوان عەلی - رووداو
دوای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، چەکدارەکە کوژراوە. وێنە: مەریوان عەلی - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، چەکدارێک لە قەرەداخ تەقەی کردووە و ژمارەیەک پۆلیس، ئاسایشی و سڤیلی بریندار کردووە کە تاوەکو هەشت کەس دەبن. گوتەبێژی ئاسایشی سلێمانی دوای چەند کاژێرێک لە رووداوەکە رایگەیاند، "تیرۆریست" بووە و کوژراوە.
 
سەرچاوەیەکی تایبەت ئێوارەی رۆژی 4ی ئەیلوول بە رووداوی راگەیاند، ئەو کەسە "چەند نارنجۆکێکی هەڵداوە" و باسی لەوەش کرد کە گومانی ئەوە دەکرێت ئەو کەسە "چەکداری داعش بووبێت."
 
سەرچاوەیەک لە تەندروستیی سلێمانییش بە رووداوی راگەیاند، تیمەکانیان لە قەرەداخەوە چوار برینداریان گواستووەتەوە و بە ئۆتۆمبێلی مەدەنیش دوو برینداری دیکە گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکان. ئاماژەی بەوەش کرد، "هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش ویستوویانە تۆمەتبارێک لە سنووری قەرەداخ دەستگیر بکەن و رووداوەکە لەوکاتەدا روویداوە."
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەی ئاگادار لە رووداوەکە دەست رووداو کەوتبوون، "هێزێک بۆ پشتیوانیی هێزە ئەمنییەکان چوونەتە قەرەداخ. ئەو کەسەی تەقە دەکات ماتۆڕسکیلی پێیە و لە ئێوارەوە بە چەک و نارنجۆک هێرش دەکات و ئەوەش هۆکاری برینداربوونی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانە."
 
 
 

 

 
شایەتحاڵێک لە شوێنی رووداوەکە قسەی بۆ رووداو کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوەی بە چاوی خۆم بینیم ئەوەبوو ئەو کەسە روومانە [نارنجۆک]ـی پێبوو و رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبووەوە."
 
ئەو گوتیشی، ئەو کەسە گەنجێک بوو، "لەکاتی هەڵاتن لە دەستی پۆلیس تەقەی دەکرد و گولـلەیەک لەبەردەم من کەوت." ئاماژەی بەوەش کرد، لەنێو ئەوانەی برینداربوون، کەسی سڤیلیش هەن.
 

ئاسایشی سلێمانی: تیرۆریستەکە لەلایەن هێزەکانمانەوە کوژرا
 
پاش چەند کاژێرێک لە رووداوەکە، یاسین عەبدولسەمیع، گوتەبێژی ئاسایشی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ لە قەرەداخ هێزەکانی ئاسایش کاتێک هەوڵیاندا ماتۆڕسکیلێک کە دەموچاوی هەڵپێچرابوو، رابگرن بۆئەوەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکەن، کەسەکە رووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بووەوە و دواتر هەڵات و لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شارۆچکەی قەرەداخ لە ماڵێکدا هەوڵی خۆشاردنەوەی دا."
 
گوتەبێژی ئاسایشی سلێمانی ئەوەیشی خستەڕوو، "هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس هەوڵێکی زۆریان دا کەسەکە خۆی رادەست بکات، بەڵام ئەو کەسە بە مەبەستی کوشتن چووبووە ناوچەکە و بە نارنجۆک پەلاماری هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی دا و دواتر بە دەمانچە تەقەی کرد و بەهۆیەوە سێ کارمەندی هێزەکانی ئاسایش و چوار کارمەندی هێزەکانی پۆلیس و هاووڵاتییەک بریندار بوون."
 
یاسین عەبدولسەمیع گوتیشی، "دوای هەوڵدانێکی زۆری هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس بۆئەوەی بە زیندوویی بگیرێت، بەڵام خۆی بەدەستەوە نەدا و تیرۆریستەکە لەلایەن هێزەکانەوە کوژرا."
 
بەپێی ئاسایشی سلێمانی، "تیرۆریستەکە چوار نارنجۆکی فڕێداوەتە ناو هێزەکانی پۆلیس و هاوکات چەند نارنجۆک و دەمانچەیەک و ژمارەیەکی زۆر فیشەکی نۆ ملیمی پێبووە. کەسەکە پێشینەی کاری تووندڕەویی هەبووە و زانیاریمان لەسەری هەبوو، بەڵام لەبارەی ناسنامە و هۆکاری ئەو کردەوەیەی لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و دواتر بۆ میدیاکانی ئاشکرا دەکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دایە رەوشێ لەدایکبووی ساڵی 1887ـە

بەتەمەنترین کەس لە عێراق ژنێکی ئێزدیی 137 ساڵە؛ دەڵێ 300 منداڵ و نەوەی هەیە

رەوشێ قاسم، هاونیشتمانیێکی کوردی ئێزدییە، لە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان دا دەرکەوت بەتەمەنترین کەسە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقیش؛ وەک لە ناسنامەکەیدا دەردەکەوێت، ئەو لەدایکبووی ساڵی 1887ـە.