لە شارباژێڕ بەراز زیان بە باخ و کێڵگە کشتوکاڵییەکان دەگەیێنێت

رووداو دیجیتاڵ 

لە شارباژێڕ بەراز فێربوون بە شەوان و بەکۆمەڵ دەدەن بەسەر باخ و بێستانی گوندنشیناندا، ئەوەی دەیخۆن دەیخۆن  ئەوی دیکەشی تێک و پێکدەدەن. جووتیارێک دەڵێت، لە دوو ساڵدا بەراز زیانی 10 ملیۆن دیناری پێگەیاندووە.
 
لە ڤیدیۆیەکدا رەوەبەراز دەبینرێت کە بۆ خۆراک دەگەڕێن، دەچنە نێو رەز و باخی گوندنشینانی شارباژێڕەوە، ئەوەی دەیخۆن دەیخۆن، ئەوەی دەمێنێتەوە پیس و خراپی دەکەن.
 
بەرازەکان هیچیان بۆ جووتیارێکی گوندی سوورەقەڵات لە شارباژێڕ نەهێشتووەتەوە، لەماوەى دوو ساڵدا زیانی زیاتر لە 10 ملیۆن دیناری بەرکەوتووە.
 
هیوا خدر، گوندنشین بە رووداوی راگەیاند: "بەهۆی بەرازەوە نە گەنم دەمێنێت، نە جۆ، نە نیسک و نە ترێ.. ئەمساڵ سێ تا چوار ملیۆن دینار و ساڵی رابردووش نزیکی حەوت ملیۆن دینار زیانم بەرکەوتووە، چونکە بەرازەکان زۆرن، هەر سەرێک نۆ بەچکەی دەبێت، خەڵکیش لەترسی حکومەتی هەرێمی کوردستان راویان ناکات، چونکە هەر بەرازێک راوبکەیت، 500 هەزار دینار سزا دەدرێیت، رەزەکەش بەهای پێنج بەرازی نییە."
 
بەرزا درەختەکانی قۆخ، قەیسی و چوالە دەوەرێنێت و ناوکی ئەو میوانە دەشکێنێت و ناوەکەی دەخوات، حەزی لە هەرمێ و میوەکانی دیکەشە.
 
ئەو گوندنشینە دەشڵێت "بەراز خۆی بە دار هەرمێ دەخورێنێت و دەیتەکێنێت، بەرازەکەش هەرمێکان دەخوات، بۆیە ئەمساڵ هەرمێمان لەم دارە نەخواردووە."
 
رەزەکانی گەورەترین گوندی شارباژێڕ هەزاران دۆنم رەز دەبن، ئەنجوومەنی گوندەکە دەڵێت: هەموومان زیانمان بەرکەوتووە و سەرچاوەی ژیانمان نەماوە، بۆیە گوندەکان چۆڵدەبن، ئەگەر چارەسەری بەراز نەکرێت.
 
سەڵاح مستەفا، ئەنجوومەنی گوندی سوورەقەڵات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەم دوو سێ ساڵە هێندە بەراز زۆربووە خەڵک ناتوانێت بیانکوژێت، لەبەرئەوەی حکومەت رێگری دەکات. 10 تاوەکو 15 ماڵی گوندەکەم رۆشتوونەتەوە سلێمانی، لەبەرئەوەی بژێوی ژیانی گوندنشینان لەسەر ئەم رەز و باخەیە، ئەگەر بەرهەمی نەبێت، ناچارە ئێرە چۆڵبکات و لە سلێمانی کرێکاری بکات."
 
سنووری بەشێک لە گوندەکانی قەزای ماوەت و شارباژێڕ بۆ ژیانی بەراز گونجاون، بەهۆی ئەوەی شیو و دۆڵ و ئاو و تەڕییان زۆرە، سنوورەکەش فراوانە و گوندنشینان ناتوانن هەموو رەزەکانیان تەلبەند بکەن.
 
بەپێی ئامارێکی فەرمانگەی کشتوکاڵی ماوەت، لە 80%ی سنووری گوندەکانی دڕی، قامیش، سەفرە، زەروون، گەڵاڵە و سوورەقەڵات رەزن و زۆرترین زیان بەر ئەم گوندانە کەوتوون.
 
ئەنوەر محەممەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ماوەت بە رووداوی راگەیاند "زیانی بەراز زۆرە و دیاریناکرێت، لەبەرئەوەی کە چووە ناو هەر رەزێکەوە بە خواردن وازی لێناهێنێت تاوەکو لەناوی نەبات. هەزاران دۆنم رەزمان لەم ناوچەیە هەیە، بۆیە خەڵک بۆی ناپارێزرێت، هەندێک کەسیش پەنادەباتە بەر کوشتنیان، ئەمەش چارەسەر نییە."
 
بەراز زیاتر شەوان دەردەکەوێت و زیانی لە سیستمی ئاودێری زەوییەکی بە ترۆزی چێندراویش داوە، بەجۆرێک پاش ئاودێری دەچێتە نێو زەوییەکەوە و بەشفرەکەی وەک کێڵان دەیکێڵێتەوە.