داهاتی دەروازەی سنووریی باشماخ کەمیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوتەی بەرپرسانی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ جموجوڵ و هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە مانگی تەممووز و ئاب بە بەراورد بە پێشتر زیاتر لە 30% کەمیکردووە. ئێستا رۆژانە تەنها 70 بارهەڵگر هاتووچۆ دەکەن لەکاتێکدا پێشتر رۆژانە زیاتر لە 300 بارهەڵگر هاتووچۆیان دەکرد.
 
شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ بە رووداوی گوت: "ئێمە بە تەواوەتی هەستمان بەوە کردووە کە داهاتی دەروازەکەمان کەمبووتەوە لەبەر چەند هۆکارێک."
 
شاخەوان بەکر باس لە داهاتەکانیان بۆ مانگەکانی رابردوو دەکات و دەڵێت، "مانگی ئایار 11 ملیار و 603 ملیۆن دینار داهاتمان هەبووە؛ مانگی حوزەیران 12 ملیار و 29 ملیۆن؛ لە مانگی تەممووز بووە بە 14 ملیار و 413 ملیۆن دینار؛ ئێستاش بۆ مانگی ئاب بە نزیکە لە 10 ملیار و 555 ملیۆن دینار، واتە نزیکەی چوار ملیار دینار کەمیکردووە بە بەراورد بە مانگی رابردوو، واتە بە نزیکەی 25 بۆ 30% کەمیکردووە، ئەوە بۆ ئەم مانگانەی ئەمساڵ، ئەگەر داهاتی ئێستامان بەراورد بکەین بە ساڵی رابردوو بەدڵنیاییەوە 50% کەمیکردووە." 
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، مانگی ئاب داهاتی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزێخانیش 20 ملیار دینار بووە، ئەمەش بە بەراورد بە هەمان مانگ لە ساڵی 2021، بە رێژەی 15 ملیار دینار کەمترە. 
 
نوێنەری گەرمیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، بارەکانی پەروێزخان "بە پلان" کەمکراوەتەوە و ئێستا بارهەڵگرەکان دەچنە دەروازەی مونزریەی ژێر دەستی حکومەتی عێراق، هۆکارەکەشی دەخاتە ئەستۆی حکومەت و ئەو کۆمپانیانەی لە پەروێزخان باج لە بارهەڵگرەکان وەردەگرن. 
 
کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت: "لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان 12 کۆمپانیا بەناوی جۆراوجۆرەوە باج لە بارهەڵگرەکان وەردەگرن، کە هیچ سوودێکیان بۆ جموجوڵ و رێکخستنی کاروباری بازرگانی نییە، بەڵکو تەنها پارە وەرگرتنە، ئەمە وایکردووە شۆفێری بارهەڵگرەکان بارەکانیان نەبەن بۆ دەروازەکانی ژێر دەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان." 
 
بەگوتەی کەریم عەلی، "لێخۆشبوونی گومرگیش هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە بازرگانەکان بارەکانیان نەبەن بۆ ئەو دەروازانە چونکە لە عێراق زیاتر لە 180 جۆر کاڵا باجی لێ وەرناگیرێت، هەروەها ژمارەیەک بازرگانیش لێخۆشبوونی گومرگیان بۆ کراوە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بۆ بازرگانەکانی دیکە کە زۆرینەن نەکراوە." 
 
رووداو زانیویەتی، داهاتی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ 72 ملیار و 916 ملیۆن بووە لەکاتێکدا سێ مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو 68 ملیار و 609 ملیۆن دینار بووە.
 
بەگوتەی عەلی حەمە ساڵح، لە بەرامبەردا داهاتی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران زیادی کردووە. عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "هێندەی ئێمە زانیاریمان هەیە، ئەم مانگە داهاتی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران 60% زیادیکردووە ئەمە لە بەرامبەردا، داهاتی باشماخ و پەروێزخان کەمیکردووە، ئەمەش پێمان دەڵێت کە سیاسەتی گومرگی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو حاجی ئۆمەران دەڕوات و ویستێک هەیە کە شۆفێرەکان لەوێوە بارەکانیان بهێنن چونکە لەوێوە کارئاسانیان بۆ دەکرێت." 
 
عەلی حەمە ساڵح باسی لەوەش کرد: "دەروازە سنورییەکانی عێراق لە رکابەری و کێبڕکێدان لەگەڵ دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئێمە زۆر لە بازرگانەکان پەیوەندیمان پێوەدەکەن رۆژانە دەڵێن، کاک عەلی ئێمە بارەکانمان لە دەروازەکانی سەر بە حکومەتی عێراقەوە داخڵ دەکەین چونکە ئەوان باجمان کەمتر لێ وەردەگرن، بۆ نموونە لە گەرمیان دوو دەروازە هەیە، پەروێزخان کە سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە و مونزوریە کە سەر بە حکومەتی عێراقە، لە پەروێزخانەوە ئەگەر بارێک داخڵ بکرێت چوار هەزار دۆلاری لێوەربگیرێت هەمان بار لە مونزرییەوە دوو هەزار و 500 دۆلاری لێوەردەگیرێت." 
 
کەمبوونەوەی داهاتی ئەو دەروازانەی سنووری پارێزگای سلێمانی، راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر درەنگ دابەشکردنی مووچە و راوەستانی پڕۆژەکان کردووە، چونکە حکومەت بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان و مووچەی بەشێک لە وەزارەتەکان پشت بە داهاتی ناوخۆی پارێزگاکان دەبەستێت.