وەزیری پێشمەرگە هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە دەکات

04-09-2022
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سکرتێری رۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاندووە، ئەگەر دەستوەردان بەردەوام بێت، دەستلەکاردەکێشێتەوە. پەرلەمانتارێک لە لیژنەی پێشمەرگە دەڵێت، ئەفسەر هەیە لە وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاری وەزیر "جێبەجێ ناکات." 
 
رۆژی یەکشەممە 4-9-2022، میران بەکر، سکرتێری رۆژنامەوانیی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەستوەردان و لەمپەر لەبەردەم کارەکانی وەزیری پێشمەرگە هەیە و ئەویش وێڕای نیگەرانیی رایگەیاندووە، ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، دەستلەکار دەکێشێتەوە." 
 
میران بەکر دەڵێت: "وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، 44 ساڵ پێشمەرگایەتی کردووە و دواتر پۆستەکەی وەرگرتووە و ئەوەش بۆ ئەوە بووە کە هێزێکی رێکخراوی پێشمەرگە هەبێت. وەکو یەکەم وەزیری پێشمەرگە دەستی دایە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام ئەوانەی لە بەرژەوەندییان دراوە لەمپەر بۆ چاکسازییەکە دروستدەکەن." 
 
بە گوتەی سکرتێری رۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە، چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە خواستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە و گوتیشی: "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ سەرخستنی چاکسازییەکان نیگەرانییەکانی وەزیری پێشمەرگەیان گەیاندووەتە لای لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان."  
 
میران بەکر گوتی: "وەزیری پێشمەرگە دەڵێت: ئەوەی لە ماوەی رابردوودا دەستم داوەتێ، نەک نەیار، دۆستەکانیشی بۆ نەهێشتومەتەوە و هەموویان لێم بوونەتە دوژمن." 
 
هەر لەو بارەیەوە، رزگار محەممەد، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان باسی لە نیگەرانییەکانی وەزیری پێشمەرگە کرد و گوتی: "زۆرجار لەگەڵ وەزیر دانیشتووین و پێشنیاز دەکرێت بۆ کارێک، بەڵام وەزیر دەڵێت، نە بە ئێمە دەکرێت و نە بە ئێوە، بەڵکو بە یەکێتی و پارتی دەکرێت."  
 
رزگار محەممەد دەڵێت: "پێشمەرگەیەک بە پلەی 'رێپێدراو' بەهۆی بیروڕای جیاوازەوە لە کارەکەی دووخرایەوە و دواتر گەڕێندرایەوە، بەڵام پلەکەی لابرا؛ ئەویش سکاڵای دژی وەزارەتی پێشمەرگە تۆمارکرد و دۆسییەکەشی بردەوە. من و چەند پەرلەمانتارێکی دیکە سێجار چووینە لای وەزیری پێشمەرگە و ئەویش بڕیاری گەڕانەوەی پلەی پێشمەرگەکەی پەسند کرد، بەڵام تائێستاش لەلایەن عەقیدێکەوە لە وەزارەت بڕیارەکەی وەزیر جێبەجێ ناکرێت؛ کاک شۆڕش لەوانە نیگەرانە." 
 
رزگار محەممەد کە هاوکات ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕانە لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیری پێشمەرگە خواستی ئەوەی هەیە هێزەکانی 70 و 80 بە تەواوی یەکبگرنەوە و بچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و دەستی "حیزبی نەمێنێت." 
 
وەزیری پێشمەرگە لە پشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە؛ لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەربەست لەزگین، بریکاری وەزیرە و وەکو کەسی یەکەمی حیزبەکە لە وەزارەتی پێشمەرگە هەژمار دەکرێت. 
 
هاوکات، ئەمڕۆ یەکشەممە، باڵانبۆ محەممەد، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەزیری پێشمەرگە زۆر نیگەرانە، چونکە وەزارەتەکە پارتی بەڕێوەی دەبات، نەوەک یەكێتی." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری مهاباد.

18 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارەییەکانی مهابادیان کردووە

سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ژینگەی مهاباد لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: "18 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی شارەکەیان کردووە".