ساڵانە 1200 تۆن هەنگوین لە هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت


رووداو دیجیتاڵ

هەنگوینی ناوچە کوێستانییەکانی کوردستان بەراورد بە ناوچە گەرمەسێرەکان 60٪ کەمیکردووە.
 
هەنگەوانێک لە بناری چیای هەڵگورد دەڵێت، ساڵی رابردوو دوو تۆن هەنگوینی هەبووە، ئەمساڵ هەمووی ناگاتە تۆنێک. ئەو هەنگەوانە شانەیەکی هەنگ بەرزدەکاتەوە و دەڵێت، ئەمساڵ لایەکی شانەکە پڕ بووەتەوە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو هەمووی پڕ بوو.
 
بەپێی ئاماری تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان ساڵی رابردوو 17 هەزار هەنگەوان خاوەنی 700 هەزار پوورە هەنگ بوون. ئەمساڵ ژمارەی هەنگەوانان گەیشتووەتە 19 هەزار و 900 هەزار پوورە هەنگیان هەیە.
 
بەرهەمی ساڵی رابردووی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان 700 تۆن بووە، ئەمساڵ بووەتە 900 تۆن.
 
ساڵانە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 1200 تۆن هەنگوین دەفرۆشرێت، نرخی هەنگوینی خۆماڵیش لە 30 هەزارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 150 هەزار دینار.