یەکێتی بۆ ئاڵدار خەلیل: گوتەکانت دەستوەردانێکی قبووڵنەکراوە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوەیەک لە مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی گوتەکانی ئاڵدار خەلیل کە گوتبووی ئەوەی لەنێو یەکێتی روویدا "کودەتا" بووە، دەڵێت، "دەستوەردانێکی قبووڵنەکراوە" لە کاروباری نێوخۆی یەکێتی.

  

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە پێشتر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنێکی رۆژئاوای کوردستان باسی کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی کردبوو و گوتبووی، بەهۆی "دەستێوەردانی تورکیاوەیە." هاوکات باسی لەوە کردبوو، سیاسەتی یەکێتی کە پشتیوانیکردن بووە لە جووڵانەوەی کورد، لەگەڵ سیاسەتی ئەردۆغان نەگونجاوە. "بۆیە ئاژاوەیان لەنێو حیزبەکە دروستکردووە." دەشڵێت، ئەوەی لە نێو یەکێتیدا روویدا "کودەتا بووە"
 
هاوکات لە لێدوانی سەرچاوەکەی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیدا هاتووە، "تانە شاراوەکانی لەبارەی گومانكردن لە هەڵوێستەكانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەیەكی ناڕەوا و بێئاست و نەگونجاون. یەکێتی ئەو حیزبە نییە گۆڕانكاری لە هەڵوێستە ستراتیژییەكانی و بینینە نیشتمانییە دەستەجەمعییەکانی رووبدات بەپێی تێڕوانینی فەردی یان بەهۆی فشاری هەرێمایەتییەوە."
 
سەرچاوەکەی یەکێتی باسی لەوەشکردووە، "باشترە ئاڵدار خەلیل و پارتی یەكێتیی دیموكراتی هەوڵ و هێزیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەری ئەو گرفت و ئاڵنگارییە زۆرانەی بەردەم گەلەكەمان و ناوچە كوردییەكانی سووریادایە و دەستوەردان لە كاروباری نێوخۆیی پارتە كوردستانییەكانی دیکەدا نەكات."
 
هاوکات بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی لە هەڤپەیڤینی لەگەڵ ژمارەیەک لە راگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی لە 8ـی تەممووز روویدا کودەتا نەبووە، بەڵکو "هەڵوەشاندنەوەی کودەتا بووە" گوتیشی، تورکیا، ئێران و پارتی ئاگادارنەبوونە. 

 

دەقی راگەیێندراوەکە: 
 
بەنیگەرانی و سەرسوڕمانێكی زۆرەوە گوێبیستی لێدوانی ئەندامێكی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD بووین كە چەند وتەیەكی نەشیاوی ئاراستەی ی. ن. ك كردووە و دەستوەردانێكی قبوڵنەكراوە لە كاروباری ناوخۆی یەكێتی
 
كە ھەموو لایەک بە حیزبەکەی ناوبراویشەوە دەزانێت چەند قوربانی و هاریكاری پێشكەشكردوون، هەرچەندە منەت لەوەدا نییە كە پشتیوانی دۆزی گەلەكەمان لە رۆژئاوا و تەواوی كوردستان بكەین و ئەوەش درێژەدانە بەو پرەنسیپانەی سەرۆك مام جەلال دارێژەرییەتی.
 
ئاماژەكانی بەڕێز ئاڵدار خەلیل و تانە شاراوەکانی لەبارەی گومانكردن لە هەڵوێستەكانی ی.ن.ك ئاماژەیەكی ناڕەوا و بێ ئاست  و نەگونجاون. یەکێتی ئەو حزبە نییە گۆڕانكاری لە هەڵوێستە ستراتیژییەكانی و بینینە نیشتنمانییە دەستەجەمعییەکانی رووبدات بەپێی تێڕوانینی فەردی یان بەهۆی فشاری هەرێمایەتییەوە.
 
لە جێی دەربڕینی ئەو هەلۆێستە شەرمەزاری  و ناڕاست و دنەدەرانەی نە پێش و نە دوامان دەخات، باشترە بەرێز ئاڵدار خەلیل و پارتی یەكێتی دیموكراتی هەوڵ و هێزیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەری ئەو گرفت و ئاڵنگارییە زۆرانەی بەردەم گەلەكەمان و ناوچە كوردییەكانی سوریادایە و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی پارتە كوردستانییەكانی تردا نەكات.
 
سەرچاوەیەك لە مەكتەبی راگەیاندنی ی.ن.ك