بەهۆی بۆردوومانی تورکیا لە بەرواری باڵا سێ ئەندامی خێزانێک تووشی هەناسەتووندی و رشانەوە دەبن

04-09-2021
سیروان عەباس
نیشانەکردن بۆردوومانی تورکیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری بەراوری باڵایان لە پارێزگای دهۆک بۆردوومانکرد، دانیشتوویەکی ناوچەکە دەڵێت، "سێ ئەندامی خێزانەکەم بە گاز تووشی هەناسەتووندی و رشانەوە بوون"، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێش ئاماژەی بەوەکرد، تیمێکی تەندروستی ناردووەتە ناوچەکە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ گازەکە بکەن.
 
جیهاد هرووری، دانیشتووی گوندی هروورە لە بەراوری باڵا بە رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری هرووریان بۆردوومانکرد و لە بۆردوومانەکەدا گازێکی سپی بڵاوبووەوە کە گومانمان هەیە "کیمایی" بێت و گوتیشی" غازەکە بە پانتایی چەند کیلۆمەترێک بڵاوبووەتەوە."
 
جیهاد هرووری باسی لەوە کرد، "باوک، دایک و خوشکێکم تووشی هەناسەتووندی، چاو سووتانەوە و رشانەوە بوون و ئێستا براونەتە نەخۆشخانە."
 
هاوکات سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسی بە رووداوی راگەیاند، بۆردوومانەکە کاژێر 6:40ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بووە، راستە گازێکی نامۆ بڵاوبووەتەوە، ئێمە گومان دەکەین گازی فرمێسکڕێژ بێت، بەڵام بۆ دڵنیایی تیمێکی پزیشکیمان رەوانەی ناوچەکە کردووە.
 
سەربەست سەبری ئاماژەی بەوە کرد، "تەندروستی سێ دانیشتووەکەی گوندی هروور جێگیرە و هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانیان نییە."
 
بریندارەکان رەوانەی بنکەی تەندروستیی کانی ماسێ کراون، بەڕێوەبەری بنکەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رەوشی تەندروستیی یەکێک لە بریندارەکان "ناجێگیرە و تووشی هەناسەتەنگیی زۆر بووە."

د. رەسوول محەممەد، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستیی کانی ماسێ بە رووداوی راگەیاند، بریندارەکان چاویان فرمێسک دەکات، دەڕشێنەوە و تووشی هەناسە تەنگی بوون، "هێشتا دیارنییە هۆکار چی بووە، بەڵام رەوشی تەندروستیی ژنێکی بەتەمەن کە نزیکەی 70 ساڵ دەبێت، باش نییە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.