شەش گەنجی كورد لە ئیستەنبوڵ ئەشكەنجە دەدرێن


رووداو – هەولێر

شەش گەنجی كورد كە پێنجیان دانیشتووی رانیەن و یەكێكیشیان خەڵكی سلێمانییە، لەلایەن دوو قاچاخچییەوە لە توركیا رادەستی گرووپێكی مافیا دەكرێن، دوای ئەوەی چەند رۆژێك بەبێ نان و ئاو زیندانی دەكرێن و ئەشكەنجە دەدرێن، بەهۆی قوربانیدانی یەكێكیان كە لە باڵەخانەكەوە خۆی فڕێدەداتە خوارەوە، رزگاریان دەبێت.


ئەو شەش گەنجە بەنیازبوون بچنە ئەوروپا، دوای رێككەوتن لەگەڵ قاچاخچییەكی كورد دوو رۆژ پێش جەژنی قوربان بەرەو ئیستەنبوڵ بەڕێدەكەون. 

ئیبراهیم مەولود كە خەڵكی رانیەیە و باوكی یەكێك لەو گەنجانەیە، بە (رووداو)ی گوت :"نزیكەی 10 رۆژ بوو ئێمە لەگەڵ قاچاخچییەك كە خەڵكی هەولێرە لەسەر خەت بووین، بۆ ئەوەی ئەو كوڕانەی ئێمە بباتە توركیا و لەوێوە بیاننێرێت بۆ فەرەنسا، ئەو بەڵێنی پێداین كە بە گەرەنتی بیانگەیەنێت و لەكاتی گەیشتنیشیان ئێمە پارەكەی رادەست بكەین كە بۆ هەریەكێكیان 9300 دۆلار بوو، هەروەها 600 دۆلاریش بۆ تكت و ڤیزا بۆ توركیا، دوو رۆژ پێش جەژنی قوربان كوڕەكانمان لەڕێگەی فڕۆكەخانەی هەولێرەوە بەرەو توركیا بەڕێكەوتن، دوای گەیشتنیشیان ئاگاداریان كردینەوە كە گەیشتوونەتە ئەوێ و قاچاخچییەكەش بردوونی بۆ هۆتێل و شوێنیان باشە".

بەرەو ئەوروپا بەڕێدەكەون

دوای پێنج رۆژ مانەوە لە ئیستەنبوڵ، گەنجەكان كە تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 20 ساڵیدایە، دەیانەوێت بەرەو ئەوروپا بەڕێبكەون، ئیبراهیم مەولود دەڵێت: "شەوێك كوڕەكەم پەیوەندی پێوەكردم و گوتی قاچاخچییەكە ئاگاداری كردووینەتەوە كە خۆمان ئامادە بكەین ئەمشەو بەڕێدەكەوین، كاژێر 10:30ـی شەو بوو كوڕەكەم دووبارە پەیوەندی پێوەكردمەوە گوتی ئێستا بەڕێدەكەوین كە گەیشتینە جێ پەیوەندیتان پێوەدەكەینەوە، لەو ماوەیەدا لەگەڵ قاچاخچییەكە قسەمان دەكرد، ماوەی سێ رۆژ هیچ هەواڵێكیان نەبوو، ئێمەش هەر چاوەڕوان بووین". دوای سێ رۆژ قاچاخچییەكە پەیوەندی بە كەسوكاری گەنجەكانەوە دەكات و پێیاندەڵێ كە  گەیشتوونەتە فەرەنسا و ڤیدیۆیەكیشیان بۆ دەنێرێ‌ كە خۆیان دەڵێن بە سەلامەتی گەیشتووینەتە شوێنی خۆمان.

ئیبراهیم دەڵێت: "كە ڤیدیۆكەی بۆ ناردین، بینیمان هەموویان لە ژوورێك دانیشتوون و كوڕەكەی من قسە دەكات و دەڵێت ئێمە گەیشتینە فەرەنسا، هیچ كێشەیەكمان نییە و هیچ خەمی ئێمەتان نەبێت".

بەڵام بەگوتەی كەسوكاری گەنجەكان، ڤیدیۆكە ساختە بووە، ئیبراهیچ مەولود گوتی: "دواتر زانیمان كە ئەوانە فێڵیان لە ئێمە كردووە و لەژێر گوشاردا ڤیدیۆكەیان پێ تۆماركردوون، چونكە دوای بینینی ڤیدیۆكە قاچاخچییەكە گوتی پارەكانمان بۆ بنێرن، بەڵام ئێمە گوتمان هەریەكەمان وشەیەكی نهێنیمان داوەتە كوڕەكانمان و دوای گوتنی وشەكە ئێمە دڵنیادەبین لە گەیشتنیان، ئینجا پارەكانتان رادەست دەكەین، ئەویش گوتی كەواتە چاوەڕوان بن تاوەكو خۆیان قسەتان لەگەڵ دەكەنەوە، بەڵام دوو شەو و رۆژ چاوەڕوان بووین و هیچ دەنگیان نەبوو، دواتر زانیمان قاچاخچییەكان گەنجەكانیان رادەستی گرووپێكی مافیا كردووە".

دوای دوو رۆژ چاوەڕوانی، پەیوەندییەك بە كەسوكاریانەوە دەكرێت و نهێنییەكە ئاشكرا دەبێت، ئیبراهیم مەولود گوتی: "رۆژی 29/8/2018 پەیوەندییەكمان پێوەكرا، یەكێك لە كوڕەكان بوو و گوتی فریامانكەون ئێمە هەر لە ئیستانبوڵین، قاچاخچییەكان ئێمەیان بە گرووپێكی مافیا فرۆشتووە و لە ژوورێكدا زیندانی كراوین و بەردەوام ئەشكەنجەمان دەدەن، لە ماوەی ئەو چەند رۆژەدا هیچ نان و ئاویشمان نەخواردووە".

سەبارەت بە چۆنیەتی رزگاربوونیان لەو گرووپە، ئیبراهیم مەولود لە زاری یەكێك لە كوڕەكانەوە دەیگێڕێتەوە: "گەنجەكە گوتی باندەكە بەردەوام ئەشكەنجەیان دەداین بۆ ئەوەی ئێمە وشە نهێنییەكانمان بڵێین و پارەكانمان لێوەربگرن، هەڕەشەیان لێكردین و پێیانگوتین ئەگەر تا ئێوارە وشە نهێنییەكان نەڵێن دەتانكوژین، بۆیە یەكێك لە هاوڕێكانمان كە خەڵكی سلێمانی بوو، بۆ ئەوەی رزگارمان ببێ‌ لە نهۆمی پێنجەمی باڵەخانەكەوە خۆی فڕێدایە خوارەوە، بڕبڕەی پشت و دەست و قاچی شكاوە، ئینجا خەڵك و پۆلیسی ناوچەكە پێیانزانی كە ئێمە لەو باڵەخانەیە دەستبەسەركراوین، پۆلیس هاتنە ناو باڵەخانەكە و ئێمەیان بە دەست و پێ بەستراوی دۆزییەوە".

سەبارەت بە چارەنووسی باندەكەش، ئەو گەنجە گوتی: "مافیاكان كە تا ئەوكاتەش لەگەڵمان بوون، هەڵاتن و پارە و مۆبایل و پاسپۆرتەكانیشیان بردین. ئەوان بە زۆر ئەو ڤیدیۆیەیان پێ تۆماركردین، تاوەكو پارەیان بۆ بنێرن و ئێمەش لەناوببەن".

بەپێی زانیارییەكانی كەسوكاری ئەو گەنجانە، ئێستا ئەوان لە بنكەیەكی پۆلیسن لە ئیستەنبوڵ و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت، بەڵام نەیانتوانیوە پەیوەندییان لەگەڵیان هەبێت، چونكە مۆبایلەكانیان لەلای گرووپە مافیاكەیە.