پارێزگاری هەولێر: سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان دادەخرێن

رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکانی هەولێر بۆ پاراستنی ژینگەی پارێزگاکە دادەخرێن؛  ئاماژە بەوەش دەکات، ''لە ئەمڕۆوە بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت و خاوەنی هەر پاڵاوگەیەکی نایاسایی سەرپێچی لە بڕیارەکە بکات، دەستگیر دەکرێت''. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 04-08-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا چەند بڕیارێکی تایبەت بە رێگریکردن لە پیسبوونی ژینگە و هەوڵدان بۆ پاککردنەوەی هەوای هەولێری خستەڕوو.
 
ئومێد خۆشناو رایگەیاند، ''لەپێناو ژینگەیەکی باشتر بۆ هەولێر و پاراستنی، لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوانمان لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ژینگە و تەندروستی کرد و  تێیدا 7 بڕیاری گرنگ دران و لە ئەمڕۆوە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە".
 
لە هەولێر 138 پاڵاوگەی نایاسایی هەن. یەکێک لە بڕیارەکان تایبەتە بە پاڵاوگە نایاساییەکان و پارێزگاری هەولێر گوتی، ''دەبێ هەر 138یان دابخرێن. داوا لە خاوەنەکانیشیان دەکەین لە ئێستاوە پاڵاوگەکان دابخەن، ئەگەرنا رێکاری یاسایی دیکە بەدوایدا دێت''. 
 
پێشتر رێکاری یاسایی بەرامبەر پاڵاوگە نایاساییەکان گیراوەتەبەر، لەوانەش پێبژاردن و ئاگادارکردنەوە. ئومێد خۆشناو گوتی، ''ئەمە دوایین ئاگادارکردنەوەیە بۆیان. پاڵاوگە نایاساییەکان لە ئەمڕۆوە دادەخرێن و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە و دەستگیر دەکرێت''. 
 
 
جگە لە داخستنیان، پارێزگاری هەولێر داوا لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات کە ''بە هیچ شێوەیەک مادەی خام و پێداویستییەکانی نەوتی رەش بۆ پاڵاوگە نایاساییەکان دابین نەکات؛ هەر گرێبەستێکیشیان لەگەڵ وەزارەت هەیە، لە ئەمڕۆوە کاری پێ نەکرێت، چونکە بڕیاری داخستنیان دراوە''. 
 
ئومێد خۆشناو لە وەڵامی پرسیارێکی رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، ''داخستنی ئەو پاڵاوگە نایاساییانە بە مانای ئەوەیە کە بە شێوەی تاهەتایی هەڵبگیرێن و نەمێنن، نەوەک ئەوەی بە شێوەی کاتی دابخرێن.''
 
دووەم بڕیاری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ تایبەت بوو بە پاڵاوگە یاساییەکان و ئومێد خۆشناو گوتی، ''ئەوانیش ماوەی 10 رۆژ مۆڵەتیان پێدەدرێت کە سەرجەم مەرجەکانی پاراستنی ژینگە لەبەرچاو بگرن، دوای ئەو ماوەیە ئەوانیش روبەڕووی رێکاری یاسایی تووند و پێبژاردن دەبنەوە.''
 
سێیەم بڕیار باس لە رێکارەکانی پاراستنی ژینگە لەلایەن کارگەکانی سنووری پارێزگاکەوە دەکات. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ''بڕیارەکە سەرجەم کارگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە، چی ئەوانەی کارگەی قیرن و چی ئەوانەی کارگەی جۆراوجۆری دیکەن. ئەوانیش دەبێ دەستبەجێ دەست بە چارەسەرکردنی گرفتەکانی ژینگەپارێزی بکەن، ئەگەرنا رووبەڕووی پێبژاردن و رێکاری یاسایی دەبنەوە.''
 
بەگوێرەی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، لە تەواوی پارێزگای هەولێردا 2,135 موەلیدەی تایبەت هەن. ئومێد خۆشناو ئاماژەی دا، ''رێکارەکان لەمەودوا تایبەت بە موەلیدەکانی گەڕەک قورستر دەبن. پێشتر لە ئەگەری پابەندنەبوون بە پاراستنی ژینگە، ئاگادارکردنەوە و پێبژاردن لەئارادا بوو و ئێستاش دەستگیرکردنی خاوەن موەلیدەکە و لێوەرگرتنەوەی شوێنەکە لێی دەبێتە بڕیار و جێبەجێ دەکرێت''. 
 
لەبارەی رێکارەکانی تایبەت بە موەلیدەکان، پارێزگاری هەولێر گوتی، ''نابێ گازی خراپ بەکاربهێنن، نابێ کێشەی دووکەڵکردنیان هەبێت، هەروەها ئەو موەلیدانەی تاوەکو ئێستا بڕیاری بێدەنگکردنیان جێبەجێ نەکراوە، تەنیا یەک هەفتەیان مۆڵەت دەدرێت بگۆڕدرێن و بێدەنگ بکرێن، ئەگەرنا رێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.''
 
بڕیاری پێنجەم کە ئەمڕۆ لە دیوانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر فەرمانی جێبەجێکردنی بۆ دەرکرا تایبەتە بە ئەو ئۆتۆمبێلانەی دووکەڵ دەکەن. ئومێد خۆشناو گوتی، ''بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر راسپێردراوە کە هەر ئۆتۆمبێلێک ژینگە پیس بکات، دەستی بەسەردا بگیرێت، بۆ چاککردنەوەی بەڵێننامە لە خاوەنەکەی وەردەگیرێت و ئینجا پێبژاردن و بابەتی دیکەیشی بەدوادا دێت.''
 
گلەیی دانیشتووانی قەزای خەبات لە دووکەڵکردنی وێستگەی کارەبای هەڵمیی سنوورەکە، هۆکاری دەرکردنی بڕیاری شەشەمی کۆبوونەوەکە بوو. پارێزگاری هەولێر گوتی، ''راستە ئەو وێستگەیە حکومییە، بەڵام داوامان لە هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان هەیە کە لەماوەیەکی زۆر کەمدا، مەرجەکانی ژینگەپارێزی لە وێستگەی هەڵمیی خەبات جێبەجێ بکرێت.''
 
ئومێد خۆشناو گوتی، لە بڕیاری حەوتەمدا ئاماژە بەوە کراوە کە لیژنەیەکی باڵا لە سنووری پارێزگای هەولێر بە سەرپەرشتیی جێگری پارێزگار پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی چاودێریی جێبەجێکردنی شەش بڕیارەکەی دیکە بکات؛ گوتیشی، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری گشتی، قایمقامەکانی سنووری پارێزگاکە، بەڕێوەبەری ناحیەکان و چەندین فەرمانگەی پەیوەندیدار لە لیژنەکەدا ئەندام دەبن بۆ ئەوەی چاودێریی چڕی جێبەجێکردنی بڕیارەکان بکەن.
 
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ''لیژنەکە کاتی نابێت و رێکاری یاسایی بەرامبەر پێشێلکاران دەگرێتەبەر و چاودێریی پڕۆسەی نەهێشتنی مەترسییەکانی سەر ژینگەش دەکات.''
 
بەگوتەی ئومێد خۆشناو، فەرمانگەی ژینگەی هەولێریش لە لیژنە باڵاکەدا بەشدار دەبێت و هەفتانە راپۆرتی خۆی لەبارەی دۆخی ژینگەی پارێزگاکە دەخاتەڕوو.
 
هەر بەپێی بڕیارەکان، هێزەکانی ئاسایش بەشێکی گرنگ دەبن لە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر پێشێلکارییەکانی تایبەت بە تێکدانی ژینگە و پۆلیسیش جێبەجێکاری دەستبەسەرداگرتن، دەستگیرکردن و کردنەوەی پەڕاوی یاسایی بۆ سەرپێچیکاران دەبێت.